لە هەموو ئیدارەی سۆران تەنیا کارگەیەکی بەفر هەیە

+964

ئاسۆ وەرتی – سۆران

بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هاتنی گەشتیار خواست لەسەر بەفری کارگەی بەفری سۆران زیادی کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە هەموو سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەک کارگەی بەفر هەیە.

رەئوف عومەر خاوەنی کارگەی بەفری باپشتیان بە 964 ـی وت، ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە خواستێکی زۆر لەسەر بەفر هەیە، بە تایبەت رۆژانی پێنجشەممە و هەینی بە هۆی هاتنی زۆری گەشتیارانەوە بۆ سنووری هەر شەش قەزاکەی ئیدارەی سۆران.

هەروەها وتی، “بە هەموو سنووری ئیدارەی سۆران تەنیا ئەو کارگەیەمان هەیە و توانیومانە پێداویستی سنوورەکە پڕ بکەینەوە، بەڵام بە خراپبوونی کارگەکە، هەموو ئیدارەکە پەکی دەکەوێت، بۆیە داوا دەکەم حکومەت رێگەکەمان بۆ چاک بکات، چونکە رێگەکەمان خراپە”.

کارگەکە لە ساڵی 1999 دامەزراوە و ساڵی 2015 گواستراوەتەوە ناوچەی پیشەسازی باپشتیان، بژێوی ژیانی 15 خێزانی لەسەرە.

لە مانگی 3وە دەست بە بەرهەمهێنانی قالبی بەفر دەکەن و تا 15.9 بەردوام دەبن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا