باخچەی ساوایانە و کراوەتە باڵەخانەی ناحیە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی بێگوڤا لەبەر ئەوەی باڵەخانەی ناحیەی نییە، بە ناچاری لەناو باخچەیەکی ساوایاندا دەوام دەکەن.

ناحیەی بێگوڤا 20 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی قەزای باتیفا دوورە و دەکەوێتە پارێزگای دهۆک،ژمارەی دانیشتوانی 10 هەزار کەس دەبێت.

بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ناحیە لەو باخچەی ساوایانەدا دەوام دەکەن، چەندین ساڵە ناحیەی بێگوڤا بێ باخچەی ساوایانە.

فەرهاد مەحمود، قایمقامی قەزای باتیفا بە 964ی وت، ئەو کاتەی بینای باخچەی ساوایان تەواو بوو، مامۆستای میلاکمان نەبوو، دواتریش کاتێک بێگوڤا کرایە ناحیە هیچ باڵەخانەیەک بۆ بەڕێوەبردنی ناحیەکە نەبوو.

بە وتەی قایمقامی قەزای باتیفا، بەڕێوەبردنی ناحیەکە بە شێوەیەکی کاتییە و دوای دروستکردنی باڵەخانەیەک بۆی دەگوازرێتەوە، ئێستا جگە لە ناحیە ئاسایش و پۆلیس هەر لە بینای باخچەی ساوایاندا دەوام دەکەن.

بەرپرسانی کارگێڕیی ناوچەکە دەڵێن، هیچ بودجەیەکی پێویست لەبەردەستدا نییە بۆ درەستکردنی باڵەخانەی ناحیە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی