ڤان دێر سار له ژێر چاودێریی چڕدایه
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
ئیدوین ڤان دێر سار گۆڵپارێزی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد و هۆڵه‌ندا، دوای ئەوەی تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو، گواسترایەوە بۆ چاودێریی چڕ.
یانەی پێشووی ڤان دێر سار “ئەیاکس ئەمستردام”، رایگەیاند، گۆڵپارێزه‌كه‌ی پێشووی هۆڵەندا، كه تەمەنی 52 ساڵە له ژێر چاودێریی چڕدایه، به‌ڵام باری تەندروستیی جێگیرە.
ڤان دێر سار لەو 6 ساڵەی بۆ مان یونایتد یاریی كرد، 4 جار نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێناوە، هەروەها لە ساڵی 2008دا نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، نازناوێکیشی لەگەڵ ئەیاکسدا بەدەستیهێناوە.
دوای وازهێنانی، ڤان دێر سار گەڕایەوە ئەیاکس و لە ساڵی 2016 پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرتەئەستۆ، ئەو پۆستەی لە کۆتایی وەرزی رابردوودا جێیهێشت.
ئێدوین ڤان دێر سار دوێنێ هەینی تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو، یانه‌ی ئه‌یاكس رایگه‌یاندووه، هه‌ر زانیارییه‌كی نوێ هه‌بێت هه‌مووانی لێ ئاگادار ده‌كاته‌وه.