پاڵاوتنی شەتڕەنج بۆ یاریزانانی سلێمانی بەڕێوەدەچێت

964+
یادگار محەمەد – سلێمانی

لە شاری سلێمانی پاڵاوتنی یاریزانان بۆ یاری شەتڕەنج بەڕێوەدەچێت.

لەژێر چاودێری فیدراسیۆنی شەتڕەنجی عێراق و بە سەرپەرشتی لقی سلێمانی، لەناو هۆڵی داخراوی یانەی پێشمەرگە و بە مەبەستی دەستنیشانکردنی دوو یاریزان بۆ رکابەرییەکانی پاڵاوتنی زۆن، بە بەشداری 12 یاریزانی شاری سلێمانی، رکابەرییەکان دەستیان پێکردووە.

ئەسعەد ئیسماعیل ئەندامی فیدراسیۆنی شەتڕەنجی عێراق بە 964ـی وت، بە مەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی شەتڕەنجی عێراق وەک شاری سلێمانی رکابەرییان بۆ یاریزانی ئەو یارییە رێکخستووە.

هەروەها وتیشی، پاڵاوتنەکە لەسەر شێوازی سویسری بەڕێوەدەچێت و بە حەوت جەولە کۆتایی دێت و دواتر دوو یاریزانی سەرکەوتوو دەگەنە پاڵەوانێتییەکەی شاری هەولێر.

پاڵەوانێتی زۆن تایبەتە بە ناوچە جیاجیاکانی عێراق کە دابەشی سەر پێنج زۆن کراون، پاڵەوانی هەر زۆنێک دەگاتە ریزی هەڵبژاردەی نیشتیمانی عێراق و جگە لەوەش لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوەدا نوێنەرایەتی وڵاتەکە دەکەن.