68 ملیۆن دۆلار بەناوی کەسێکەوە براوەتە دەرەوە و ئاگای لە هیچ نەبووە
964+
فەهمی نەبی
دەستەی دەستپاکی عێراق لەشاری نەجەف کەسێکیان دەستگیرکردووە کە ئەندامی گروپێکی سپیکردنەوەی پارەیە، لە ماوەی رابردوودا 68 ملیۆن دۆلاریان لەسەر ناوی کەسێک بردووەتە دەرەوە و ئەو کەسە ئاگای لە هیچ نەبووە.
رۆژی پێنجشەممە بەشی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی عێراق، نوسینگەی نەجەف ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە.
دەستەی دەستپاکی عێراق دەڵێت، پرۆسەی پارە حەواڵەکردنەکە کاتێک ئاشکرابووە کە هاوڵاتیەکی شاری نەجەف بۆ مامەڵەکردن چووەتە فەرمانگەی باج و بۆی دەرکەوتووە 13 ملیار دینار باجی لەسەرە، دواتر دەرکەوتووە لە ساڵی 2012ـەوە بەناوی ئەوەوە پارە حەواڵەی دەرەوە کراوە.
دەستەی دەستپاکی بکەری سەرەکی ئەو کارەیان دەستگیرکردووە و بۆیان دەرکەوتووە ماوەی 11 ساڵە ئەو گروپە لەو رێگەیەوە فێڵیان لەچەندین کەس کردووە، بۆیە بەپێی مادەی 44ـی یاسای سپیکردنەوەی پارە تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە.