خڕ و پڕ و قەڵەوە

نۆبەرەی بامیە لە چوارقوڕنە پێگەیشت


كوردستان ئەحمەد

لە چوارقوڕنە نۆبەرەی بامیە پێگەیشت، خڕ و قەڵەوە و ئەمساڵ تووشی نەخۆش نەبووە و رەنگێكی جوانی هەیە.

بامیەكەی چوارقوڕنە سێ جۆرە، ورد و خڕ و قەڵەو، ئەم جۆرەی ئێستا بە تەواوی پێگەیشتووە بۆ خواردن دەشێت.

خالید محەمەد، جوتیارێكی دەڤەری چوارقوڕنەیە، ئەمساڵ دۆنم و نیوێك زەوی كردووە بە بامیە خڕەكە، تەواو پێگەیشتووە و دەڵێت، داوا لە جوتیارانی ناوچەكەی خۆمان دەكەم هەر كەس دەیەوێت دەتوانێت، بەرهەمەكە بە نیوەیی بەخێو بكات و سەرپەرشتی بكات.

زەوییەكەی دەكەوێتە شوێنێكی بەراو، بامیەكە مەترێك بەرزبووەتەوە، دوو رۆژ جارێك بەرهەمێكی باش دەدات، بە قسەی خالید محەمەد، ئەمساڵ حەوسەڵەی نییە كاربكات لە زەویەكەیدا، بۆیە داوا دەکات کەسێک بێت و زەوییەكە بە نیوەیی لەگەڵ ئەودا بەخێو بكات و داهاتەکەشی بكەن بە دوو بەشەوە.

بامیە خۆراكێكی پڕ سوودە، بەڵام زۆری سەرنج پێ نەدراوە، ئەم خۆراکە، کە رواڵەتێکی زۆر دڵڕفێنی نییە و زۆر کەسیش حەز بە خواردنەکەی ناکەن، سوودی تەندروستی یەکجار زۆرە ، پڕ لە پۆتاسیۆم و كالیسۆمە و دەوڵەمەندە بە پڕۆتین و سوودێكی زۆری بۆ دڵ هەیە.