سەرکەپکان:وێنە:964
سەرکەپکان: ژینگەپارێزان لەسەر یەکەمەکانی كوردستان قسهى خۆیان ههيه
964+
مەجید بتوێنی – سەرکەپکان
دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان، چەند رۆژێکە باس و خواسی یەکەمەکانی گەرمە، هەمیشە دایک و باوکان و بەشێک لەکۆمەڵگا وا راهاتوون چاویان لەسەر خوێندکارە یەکەمەکانە ببنە پزیشک بۆ ژیانێکی باشتر.
ژینگەپارێزانی ناحیەی سەرکەپکان لە ئیدارەی راپەڕین لەکاتی کارکردندا لەوبارەیەوە قسەیان بۆ964 کردووە.
ئەکرەم قادر، یەکێکە لەو ژینگەپارێزانەی نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات هیواخوازە لەداهاتوودا هەموان بۆ خزمەتی کۆمەڵگا کاربکەن، نەک نمرەی بەرز و بڕوانامەی باڵا بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن بێت”.
وتیشی “ئەوانەی دابڕاون لەخوێندن یان نمرەی بەرزیان بەدەست نەهێناوە دواجار لەبوارێک کاردەکەن چی کەمتر نیە لەخزمەتی پزیشكى”.
حەمەد عەبدوڵا، یەکێکی تر لەژینگەپاریزان نەیتوانیوە پۆلی 12ی ئامادەیی ببڕێت، دەڵێت “پێویستە بەیەک چاو رێز لەهەموو پیشەکان بگیرێت ئەگەر ژینگەپارێزان مانگێک کارنەکەن شار بۆگەن دەبێت”.
پێیوایه، کۆی پیشەکان تەواوکەری یەکترن هەریەکەیان لەبوارەکەی خۆی گرنگی زۆری هەیە بۆ کۆمەڵگا ئەوە کلتورو ئاستی تێگەشتنی تاکەکانە لەناو خێزان ئەو جیاوازییەی دروست کردووە.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن