دوای شەش مانگ گرنگترین یەکتربڕی سلێمانی دەکرێتەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

دوای نزیکەی شەش مانگ کۆتایی ئەم مانگە رێگای سەرەکی سلێمانی – تاسڵوجە دەكرێتەوە بەڕووی شۆفێراندا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەدەڵێت، کارکردن لە پڕۆژەکەدا زۆر خێرایە.

ماوەی نزیکەی شەش مانگە شەقامی سەرەکی سلێمانی- تاسڵوجە و بە پێچەوانەوە بەربەستکراوە، بەھۆی دروستکردنی یەکتربڕێک لەبەردەم کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانیدا.

ئێستا تیمەکان سەرقاڵی چاککردنی بەشی سەرەوەی یەکتر بڕەکەن، بۆ ئەوەی ئەو لۆدەی ئۆتۆمبێل کەمبکەنەوە، کە لەسەر ئەو رێگایە دروستبووە لەماوەی ئەو شەش مانگەدا.

ئەندازیار ھێمن جەلال، سەرپەرشتیاری یەکتربڕی باخی بەختیاری بە 964ـی راگەیاند، دوای کردنەوەی بەشی سەرەوەی شەقامەکە بەرووی شۆفێراندا، کارکردن لە بەشی ژێرەوەی یەکتر بڕەکە دەست پێدەکەن.

لە ھەوڵدان ھەتا سەرەتای ساڵی نوێی یەکتربڕەکە تەواو بکەن، پێش ئەوەی بگەنە وەرزی باران بارین، تا ئێستا 50% کارەکانی تەواو بوون.

پڕۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری بڕی 12 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، لە 30.8.2022 ەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی