داواکاری قایمقامە

“دانیشتوانی چەمچەماڵ درۆنتان بینی تەقە مەکەن”

ئەحمەد مستەفا

قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ دەیەوێ هاوڵاتییانی سنوورەکەی ئاگاداربکات، درۆنیان بینی تەقەی لێنەکەن و دەڵێ، بە هیچ شێوەیەک ئەو کارە رێگەپێدراو نییە.

لەو راگەیەندراوەی قایمقامیەتدا ئەمڕۆ یەکشەممە 29.3.2026، کە 964 بینوویەتی دەڵێ، ئاگاداری هاوڵاتییانی سنورەکەمان دەکەین، لەکاتی بینینی درۆن بەهیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نیە تەقە بکرێت، تەنیا ئەو لایەنانە نەبێت کە بەرەسمی راسپێردراون بۆ ئەوکارە.

لەبارەی هەوڵ و کاری لەو جۆرە، قایمقامیەت نوسیوویەتی، هەر کەسێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

تەنیا، شەوی رابردوو بە درۆن هێرشکرایە سەر 15 ناوچەی هەرێمی کوردستان، لەو کاتەوەی کە شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا دەستی پێ کردووە 450 جار بە درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.

بەرچاوترینیان، شەوی رابردوو بوو دوای ئەوەی بە درۆن هێرشکرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە شاری دهۆک.

تەنیا ئەوشەوە، هێرش کراوەتە سەر شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، سۆران، چیای کۆڕەک، بەستۆرە، بەحرکە، پیرمام، مەخمور، کۆیە و ئاكرێ ، كانی وەتمان، خەبات، ناحیەی رزگاری، تۆپزاوا، کە ژمارەیان پانزە هێرش بووە.