کاتی کێشە بچووکەکان نییە

دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد لە رێیە، بەڵام..

964+

ژووری هەواڵ

دەستەیەک لە خەڵک و چالاکوانانی هەم ناوخۆو هەم دەرەوەی کوردستان ماوەی چەند رۆژێکە پرۆژەی ”یەکدەنگی نەتەوەیی”یان راگەیاندووەو دەڵێن: ئەگەر هەیە بەشێک لەم گۆڕانكارییانە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد بڕەخسێنن، کە لە سەد ساڵی رابردوودا چاوەڕێمان کردووە.

دەستەی كاتی سەرپەرشتی پرۆژەی نەتەوەیی دەڵێن ئەگەر لەم قۆناغەدا کورد یەکگرتوو نەبێت، هەموو دەرفەتەکانی لە دەست دەچێت.

کۆپییەکی راگەیەندراوەکەیان بۆ 964 ناردووە ئەمە دەقەکەیەتی:

كوردستانیانی خۆشەویست…
رووداوەكانی ناوچەکە پێماندەڵێت، ناوچەکە بە گۆڕانکاری خێرا و كاریگەردا تێدەپەڕێت، ئەگەر هەیە بەشێک لەم گۆڕانكارییانە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد بڕەخسێنن، کە لە سەد ساڵی رابردوودا چاوەڕێمان کردووە، بەڵام دەبێ بزانین، گۆڕانكارییەكان بەبێ ئامادەباشی و یەکدەنگی كورد خۆی، مەرج نییە ئەو دۆخە بڕەخسێنێت، کە کورد دەیخوازێت، چونکە زامنكردنی مافەكانی هەر نەتەوەیەك پەیوەندی بە ئامادەیی و یەكریزی ئەو نەتەوەیە خۆیەوە دەبێت، بۆیە یەکگوتاری و یەکڕیزی كوردان لەم دۆخەدا چیتر وەک تەنها بژاردەیەکی سیاسی و حزبی نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە پێویستییەکی مێژوویی، نەتەوەیی وجڤاكی بۆ پێناسەكردنەوە و ئامادەسازی بۆ دۆخێکی نوێ، دۆخێک، هەم دەرفەتی مێژوویی تێدا دەبینرێت، هەم مەترسی.

كوردستانیانی ئازیز…
ئێمە وەك دەستەیەكی فراوان لەتوێژە جیاجیاكانی کوردستانیان، لە ئاستی ناوخۆ و دیاسپۆرا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پڕۆژەیەكی یەکدەنگی نەتەوەییمان ڕاگەیاند. لە ڕاگەیاندنەکەدا ئەم شەش خاڵەمان بە بنەما گرتووە:
1. هەوڵدان بۆ بنیاتنانی گوتارێکی نیشتمانی هاوبەش، گوتارێکی شارستانیانە كە زیاتر بچێتە خزمەتی پرسی نیشتمانی و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادی گەلان و بەیەکەوە ژیان.

2. دوورکەوتنەوە لە ململانێی نادروستی سیاسی، کاڵکردنەوەی کێشە نێوخۆییەکان و تێپەڕاندنی بەرژەوەندی بچووک و تەسکی حیزبی، سیاسی و ئایدیۆلۆژی.

3. بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی بکرێتە چەقی کاری سیاسی هاوبەش. هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر گوتارێکی پەڕگیری ئایدیۆلۆژی و توندڕەوی نەتەوەیی، کە خزمەت بە پرسی گەلی کورد نەکات.

4. دروستکردنی ناوەندێکی هاوبەشی نیشتمانی بۆ گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، ئاراستەی ململانێ و جەنگ بەرەو کوێ دەڕوات، کورد چی بکات، بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە کام گۆشەی ململانێکاندا دەبینرێتەوە.

5. پێکهێنانی دەستەیەکی نیشتمانی هاوبەش بۆ کاری سیاسی و دیپلۆماسی، پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی دنیا و ڕوونکردنەوەی دیدی هاوبەشی کوردی بۆ دۆخی ناوچەکە و مافەکانی کورد.

6. هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەترێکی نیشتمانی بۆ کاری هاوبەش، گفتوگۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و مەترسییە سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکان. بەر لەوەی مەترسییەکان بگەنە نێو ماڵەکانمان، پلان و بەرنامەی ئەگەری ڕوودانیان، ڕووبەڕووبوونەوەیان دابنێین.

بەڕێزان…
تا ئێستا ژمارەیەک حزب و هێزی سیاسی، ناوەندی ڕۆشنبیری، کولتوری و کەسایەتی، لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆژەکە ڕاگەیاندووە. ئەم پشتیوانییە بۆ دۆزی کورد، جێگەی دڵخۆشی و سوپاسگوزاری ئێمەیە، هەر وەک چۆن بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە پرسی ڕەوای گەلی کوردی دەبینین. لێرەوە بە دەرفەتی دەزانین، جارێکی دی داوا لە حزبەکان، ناوەندەکانی ڕۆشنبیری و کولتوری، کەسایەتی و تەواوی نیشتمانپەروەران بکەین، پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم پڕۆژە نەتەوەییە پیشانبدەن و هەمووان بەیەکەوە بەرەو قۆناغی داهاتوویەکی باشتر و پڕ ئومێدتر هەنگاوبنێین و، بەیەکەوەش ئامادەسازی بۆ بەستنی کۆنفرانسێک بکەین بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنێتی پلان و بەرنامەی کار، سەرخستن و دیاریکردنی میکانیزمەکانی خستنە سەرپێی پڕۆژەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.

دەستەی كاتی سەرپەرشتی پرۆژەی نەتەوەیی