کارەبای سلێمانی لەبارەی بردنی پارەی هاوبەشان روونکردنەوە دەدات

964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

دوای ئەوەی لە چەند دەزگایەکی راگەیاندن هەواڵی بردنی پارەی هاوبەشانی کارەبا لەلایەن کارمەندێکی کارەبای سلێمانی بڵاوکرایەوە، وتەبێژی کارەبا دەڵێت، هیچ بنەمایەکی نییە.

بەپێی ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە، کارمەندێکی کارەبای سلێمانی ئەو پارەیەی لەبەردەرگای ماڵان بەبیانوی پسولەی کۆکردنەوەی پارە وەرگرتووە.

سیروان محه‌مه‌د، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964ی راگەیاند، “پێشوتر کەیسی بردنی پارە هەبووە، بەتایبەت لەکاتی هاتنی کۆرۆنا، ئەو کاتە خەزنەدارێک ئەو پارەیەی لایبوو رادەستی نەکردەوە و داومانە بەدادگایە و ئەو کەسە ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کراوە”.

سەبارەت بەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە، سیروان محەمەد دەڵێت، ئەو هەواڵە بنەمای نییە.

وتەبێژی کارەبای سلێمانی دەڵێت، “ئاگاداری هاوڵاتیان دەکەمەوە، کارمەندەکانی کارەبا جێگەی متمانەن، کاتێک سەردانی ماڵەکانیان دەکەن دوودڵ نەبن”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی