تەنیا 12 رۆژ وادەی لێدانی لۆگۆی تاکسی ماوە
964+
دیلان محەمەد جەزا
تەنیا 12 رۆژ ماوە بۆ ئەو وادەیەی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە لێدانی لۆگۆی تاکسی دیاریکردوە، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی دەڵێت، تا ئێستا 22 هەزار و 500 تاکسی فۆڕمیان وەرگرتووە و هەندێکیان فریای لێدانی لۆگۆ ناکەون.
تا ئەمڕۆ دووشەممە، 15 هەزار و 500 تاکسی لۆگۆی لێدراوە، 22 هەزار و 500 تاکسی فۆڕمیان پڕ کردووەتەوە، بەڵام فریای لێدانی لۆگۆ ناکەون لەو 12 رۆژەدا.
هەر تاکسیەک تا 15/7 لۆگۆی پێوە نەبێت تاکسیەکەی بە بڕی 40 هەزار دینار سزا دەدرێت، هەر مانگێک دوا بکەوێت ئەوەندەی دیکەی دەکەوێتە سەر.
سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، رۆژانە نزیکەی 100 تاکسی لۆگۆ وەردەگرن، لۆدێکی زۆریان لەسەرە.
تا ئێستاش بڕیار لەبارەی تاکسیە سور و سپیەکانەوە نەدراوە، کە لۆگۆیان پێ بدرێت یاخود نا، ئەوانیش نزیکەی 500 تاکسی دەبن لەشاری سلێمانیدا.
لە ساڵی 2019ـەوە داوا لە شۆفێران دەکرا بچن لۆگۆ لێبدەن، بەڵام ئەمجارە بڕیارەکە سزای لەگەڵدایە، بۆیە شۆفێران بە لێشاو دەچن ولۆگۆ لێدەدەن.
لە شاری سلێمانیدا 27 هەزار تاکسی هەیە، رۆژانە کاری خۆیان دەکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی