“کارەبای نیشتمانی ھاوشێوەی رۆژانی جەژن نامێنێتەوە”
964
دیلان محەمەد جەزا
لە رۆژانی جەژنی قورباندا لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان، رێژەی پێدانی کارەبا بەرزکرایەوە بۆ نزیکەی 20 کاتژمێر لە رۆژێکدا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، ئەگەر سووتەمەنی زیاتر ھەبێت، لەو ئاستەدا دەیھێڵینەوە.
بە پێی ئەوەی بڵاوکرایەوە لە رۆژانی جەژندا 16 بۆ 17 کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە ھاوڵاتیان، بەڵام لەو رێژەیەی دیاریکرابوو زیاتر درا بە ھاوڵاتیان.
لە رۆژانی جەژندا لە شاری سلێمانی 21 کاتژمێر کارەبا دراوە، لە دھۆک 20 کاتژمێر و لە گەرمیان 21 کاتژمێر و لە ھەولێر 18 کاتژمێر و نیو کارەبا دراوە.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای ھەرێم بە تۆڕی 964 راگەیاند، کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی دەکەوێتەوە سەر خواستی ھاوڵاتی، ئەگەر کەشوهەوا بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوا کارەبا لەم دۆخەی ئێستادا دەمێنێتەوە، ئەگەر پلەکانی گەرما بەرزتر ببنەوە کاتەکانی پێدانی کارەبا کەم دەبێتەوە.
وتیشی، نزیکەی دوو ھەزار مێگاوات بە ھۆی نەبوونی غازەوە بەرهەم ناهێنرێت، ئێستا توانای کارەبای ھەرێم 3800 مێگاواتە، لە ھەوڵیشدان سووتەمەنی زیاتر دابین بکەن لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا