٤٢ ساڵە خەریکی چاککردنەوەی رادیۆیەی

“ئەو پیاوەی کارەبای بۆ گوندەکەی دابینکرد ٤٢ ساڵە خەریکی چاککردنەوەی رادیۆیە”

+964

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

دوای ٤٢ ساڵ جاککردنەوەی رادیۆ، بە ناجاری روو لە چاککردنەوەی گسکی کارەباو لایتی شەحن کردووە. حاجی حەمەڕەشید دەڵێ؛ ئەو کارەبایەی من گەیاندمە گوندەکەم لەوەی ئێستای حکومەت باشتر بوو.

حاجی حەمەڕەشید، بە دەستێکی ناتەواو و تەمەنی ٧٢ ساڵییەوە سەرقاڵی چاککردنەوەی ئامێرە کارەباییە نوێیەکانە. هەر ئەوەندەش نا، حاجی یەکەم کەس بووە کارەبای هێناوە بۆ گوندەکەیان، “لە حکومەت باشتر کارەبام دابین کردبوو.”

حاجی حەمەڕەشید دانیشتووی قەزای شارەزوورە و دوکانەکەی لەناو بازاڕی هەڵەبجەییەکانە و خەڵکی گوندی تەپەکەلە.

وەک خۆی دەڵێت؛ ماوەی ٤٢ ساڵە کاری چاککردنەوەی رادیۆیە، بەڵام بەهۆی نەمانی رادیۆوە، چەند ساڵێکە ئیشەکەی کردووە بە چاککردنەوەی ئامێرە کارەباییەکان.

“ساڵی ١٩٨٠ چووم بۆ بەغدا مۆلیدەیەکم کڕی و هێنام لە گوندەکەمان دامنا و کارەبام دا بە ٧٠ ماڵ و مانگی ماڵی دینارێکم لێ وەردەگرتن، لە حکومەتی ئێستا باشتر کارەبام دەدا”، حاجی حەمەڕەشید وای بە 964+ وت.

ئەو ئامێرانەی ئێستا ئەو پیاوە بەتەمەنە چاکیان دەکاتەوە بریتین لە؛ گسکی کارەبایی، موجەفیفە، کاتژمێر و لایتی شەحن. 

حاجی دەڵێت، خۆی فێری کارەکە بووە، بەڵام توانای جارانی نەماوە، “هەرشتێکم لێ گیر ببێت و پێم چاک نەکرێت کوتەکێکی پێ دەکێشم و وای لێ دەکەم چاک نەکرێتەوە.”