هاتوچۆی گەشتیاری لە مەرزی شوشمێ دەستیپێکردەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

کێشە تەکنیکییەکەی مەرزی شوشمێ لە پارێزگای هەڵەبجە چارەسەر کرا و هاتوچۆی گەشتیاری دەستیپێکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە 1.7.2023، نوخشە ناسیح قایمقامی هەڵەبجە بە 964ی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە جموجوڵی گەشتیاری لە مەرزەکەوە دەستیپێکردووەتەوە و کیشەی نەماوە.

رۆژی سێشەممە 27.6.2023، بە فەرمی مەرزی شوشمێ کرایەوە، مەرزەکە دەکەوێتە سنووری شارەدێی تەوێڵەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و کرمانشان لە نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکەم مەرزی فەرمییە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە رووی رۆژهەڵاتی کوردستان.

وەستانی هاتوچۆی گەشتیاری لە مەرزەکە، بەهۆی تێکچوونی هێڵی ئینتەرنێتی مەرزەکە روویداوە، لە دیوی کرمانشان کە نەیانتوانیوە مۆری ئەلیکترۆنی لە پاسپۆرتی گەشتیاران بدرێت.

بە هۆی ئەو گرفتەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک مەرزەکە بە رووی گەشتیاراندا داخرا.