داوای هاوکاریی بەپەلە دەکەن
ئاگرێک لە گوندی بێورێی شارباژێڕ کەوتووەتەوە
964+
پیشەوا محەمەد
لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە ئاگرێک لە گوندی بێورێی شارباژێڕ کەوتووەتەوە و دانیشتوانەکەی داوای هاوکاری دەکەن.
ئاگرەکە لە شاخی شەڕگە کەوتووەتەوە و بەرەو گوندی گۆمڵێ و رەشەکانی پەرەی سەندووە.
ئەو ناوچەیەی گڕی گرتووە دارستان و پاوان و رەز و باخی خەڵکیشی لێیە.
حامید عەبدوڵا، ئەندامی دەستەی راوێژکاری گوندی بێورێ بە 964ـی راگەیاند، شوێنی ئاگرەکە سەختە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نییە، بۆیە داوای هاوکاری دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان.
لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا ئەمە سێیەم ئاگرکەوتنەوەیە لە شارباژێڕ روو دەدات و سەدان دۆنم دارستان و پاوان و دەغڵودان سوتاون.
“ئێستا دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەرمان هاتوونەتە هاوکاریمان و تکامان وایە لایەنە پەیوەندیدارەکان بێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە”، ئەوەش قسەی حامید عەبدوڵایە.
بێورێ کەوتووەتە ناحیەی سیوەیلی قەزای شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی.