یەکەم رۆژی جەژن 453 ئاژەڵ لە کوشتارگەی هەولێر سەربڕاون

964+

فەهمی نەبی

بەگوێرەی ئاماری هەردوو کوشتارگەی یەک و دووی هەولێر، ئەمڕۆ تەنیا 453 ئاژەڵ لە هەردوو کوشتارگەکە بۆ قوربانی سەربڕاون.

هەفتەیەک بەر لە جەژن وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتەرنەری هۆشداریاندا و قەدەغەیان کرد ئاژەڵ لە ماڵان بکرێتە قوربانی، بەڵکو پێویستە لە کوشتارگەکان ئاژەڵ سەرببڕێت، بەڵام بەوتەی بەڕێوەبەری گوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر خەڵکێکی کەم پابەندی ئەم بڕیارە بوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، لە کوشتارگەی یەکی هەولێر کە دەکەوێتە سەر رێگای گوێڕ، لەماوەی 12 کاتژمێردا 243 مەڕ و گۆلک سەربڕاون، هاوکات لە کوشتارگەی دووی هەولێر کە دەکەوێتە رێگای بەستۆڕە لەماوەی 11 کاتژمێر 210 ئاژەڵ بۆ قوربانی سەبڕاون.

هەڵمەت هەمزە بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بۆ 964 وتی، “رێژەی هێنانی ئاژەڵ بۆ کوشتارگە زۆر کەم بووە، بەجۆرێک ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژن بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بێ کار بووین”.

شاکر کەلو، بەڕێوەبەری کوشتارگەی دووی هەولێر بۆ 964 قسەیکرد وتی، بەشداری خەڵک بەپێی پێویست نەبوو، ئەمڕۆ تەنیا 210 سەر ئاژەڵ لە کوشتارگەکەی ئەوان بۆ قوربانی سەربڕاون.

لەبارەی پابەندی خەڵک بە رێکارە تەندروستییەکان، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر دەڵێت، “پابەندی خەڵک بەپێی پێویست نەبوو، ئەگەرچی ماسک و دەستکێش و جلوبەرگمان دابەشکردبوو”.

هەڵمەت هەمزە ئەوەشی وت، ئەگەرچی نەخۆشی تای خوێنبەربوون هەیە، “بەیانییەکەی بۆ ئێمە جێگەی سەرنج بوو کە لە هۆڵی کوشتارگە 20 ئاژەڵی لێ بوو کەچی 200 کەس لەو هۆڵە بوو، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو هەر سەر ئاژەڵێک کە هێنرا بوو بۆ کوشتارگە ئەگەر بۆ حەوت کەس بوبێت 10 کەسی لەگەڵ هاتبوو، دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵی ئێمە چووە دەرەوە”.

بەگوێرەی وتەی هەردوو بەڕێوەبەری کوشتارگەکەی هەولێر، هەر ئاژەڵێک بهێنرێتە کوشتارگەکە پشکنینی بۆ دەکرێت، ئەوان دەڵێن، ئەمڕۆ هیچ ئاژەڵێک بەهۆی هەڵگری گەنە رەتنەکراوەتەوە و هەموو ئاژەڵەکان پاک دەرچوونە.