حكومه‌ت، گرێبه‌ستى كه‌یسێكی گرنگ له‌گه‌ڵ ده‌زگایه‌كی ناديار ده‌كات

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی شەهیدان رادەسپێرێت کە گرێبەستی ناساندنی دانپێدانانی کۆمەڵکوژی کورد لەگەڵ دەزگایەکی بیانی بکات، پەرلەمانتارێکیش دەڵێ؛ دەزگایەکە بوونی نیە.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رادەسپێرێت بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی دانپیدانانی کۆمەڵکوژی کورد لەگەڵ دەزگای (KG Lobby Center).

نووسراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (١٦٥٣٦) لە (١٣/١١/٢٠٢٢) دەرچووە، کۆپییەکەی دەست +964 کەوتووە، بەپێی ناوەڕۆکی نووسراوەکە بێت، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ناچار کراوە تەنیا لەگەڵ ئەو دەزگایە گرێبەست بکات، گرێبەستەکەش بۆ چوار قۆناغەو بڕی ٣٧٨ هەزارو ٦٠٠ یۆرۆ دەدرێت بە دەزگایەکە.

عادل محه‌مه‌د ساڵح، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به‌ +964 ی راگه‌یاند ، كه‌ (KG Lobby Center) سه‌نته‌رێكه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ى كه‌سانى شاره‌زا له‌ بوارى سیاسیی و یاسایی بۆ داكۆكیكردن له‌هه‌ر كه‌یسێك كه‌ گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ له‌ دادگا نێوده‌وڵه‌وتییه‌كان و په‌رله‌مانه‌كانى ئه‌وڕوپا، بۆ به‌ جینۆساید ناساندنى ئه‌و كه‌یسانه‌ى كه‌ له‌رێگه‌ى گرێبه‌سته‌وه‌ پێیان ده‌درێ، دەڵێ “ئۆفیسى سه‌ره‌كى ئه‌و سه‌نته‌ره‌ له‌ وڵاتى هۆڵه‌ندایه‌”.

+964 لە گوگڵ، گەڕانی بۆ دەزگای (KG Lobby Center) کردووە، بەلام هیچ ئەنجامێک دەست نەکەوت و نەتوانرا ئەوە بسەلمێنێت کە دەزگایەکی تایبەتمەندە بە پرسی جینۆسایدی گەلان، بۆیە هەوڵیدا لە رێگەی لیژنەی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی پەرلەمانی کوردستانەوە زیاتر سۆراغ بکات.


سه‌وسه‌ن میرخان، سەرۆکی لیژنەی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە پەرلەمانی کوردستان به‌ +964 ى وت “جارێ به‌دواداچوون ده‌كه‌ین، هیچ زانیارییه‌كمان له‌سه‌ر ئه‌و ده‌زگایه‌ نیه‌، كه‌ به‌دواداچوونمان ته‌واو كرد، ئینجا قسه‌ى خۆمان ده‌كه‌ین”.

ئەو قسانەی سەوسەن میرخان و وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان، لە کاتێکدایە پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک دەڵێ؛ ئەو دەزگایە بوونی نیە.

کاروان گەزنەیی دەڵێ “جگە لە سپیکردنەوەی پارە و پارە خواردن زیاتر شتێکی دیکە نیە، هەمو ڕێکارە پەرلەمانییەکانمان گرتۆتەبەر، و ئیتر رێکاری یاساییش دەگرینەبەر لەهەمبەر ئەو کەیسە.”

(2) Facebook