لە سێمانی رۆژانە 500 كیلۆ گۆشت لەناودەبرێت

964

دیلان محەمەد جەزا

کوشتارگەی سلێمانی ئامادەکاری دەکات بۆ رۆژانی جەژن، بەڕێوەبەری کوشتارگەکە دەڵێت، رۆژانە بە سەدان کیلۆ گۆشت لەناو دەبەن.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای خوێنبەربوونەوە رێکارە تەندروستییەکان زۆر تووند کراونەتەوە لە ناو کوشتارگەی سلێمانیدا، رۆژانەش نزیکەی 500 کیلۆ گۆشت بەهۆی نەشیاوییەوە لەناو دەبرێت.

لە کاتی هاتنی ئاژەڵ بۆ کوشتارگە چەندین پشکنینی بۆ دەکرێت، ئەگەر حاڵەتی گوماناوی هەبوو دەنێردرێتەوە و سەر نابڕێت، پاش سەربڕینی ئاژەڵ جارێکی دیکە پشکنینی بۆ دەکرێتەوە، هەر حاڵەتێکی گوماناوی هەبێت، ئەوا گۆشتەکەی لەناو دەبرێت.

دکتۆر شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەی سلێمانی بە 964 راگەیاند، هاوڵاتیان دەتوانن لە رۆژانی جەژندا سەردان بکەن و لە ئێستاوە پێویست بە سەرە نووسین ناکات.

تەنیا سەرەنووسین بۆ رۆژانی جەژن بۆ رێکخراوە خێرخوازییەکان دەبێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵ دەکەن بە قوربانی، پێویستە کاتیان بۆ تەرخان بکرێت، بەڕێوەبەری کوشتارگەی سلێمانی وادەڵێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا