ئاگاداری خۆتان بن.. فێڵێکی گەورە دەکرێت

+964

ژووری هەواڵ

بەشێک لە نووسینگەکانی دراو و حەواڵە بە بێ ئەوەی ئاگات لە خۆت بێت بە ناوی تۆوە دۆلار لە بانکی ناوەندی رادەکێشن

دەستەی دەستپاکیی عێراق لێکۆڵینەوەیەکی وردی لە نووسینگەکانی دراو و حەواڵە و دەستپێکردووە، بۆی دەرکەوتووە بەشێکیان بە ناوی هاوڵاتیانەوە دۆلار لە بانکی ناوەندی وەردەگرن و لە بازاڕ بە گرانتر دەیفرۆشنەوە، تەنیا یەک ونوسینگە لە ماوەی دوو رۆژدا دوو ملیۆن دۆلاری بەو شێوەیە وەرگرتووە.

دەستەکە کامێرایان لەگەڵ خۆیان بردووە و داویانە بەسەر نووسینگەیەکدا دەبینن زۆربەی هەرە زۆری مامەڵەکانی ساختەیە، نوێنەرەکەی دەستپاکی لە خاوەنی نووسینەگەکە دەپرسێت ئاخر چۆن بە دوو رۆژ دوو ملیۆن دۆلارت فرۆشتووە؟

کاتێک کە سەفەر دەکەیت بۆ چەند وڵاتێک، بانکی ناوەندی عێراق بڕی دوو هەزار دۆلارت دەداتێ بە نرخی فەرمی، واتە 132 هەزار دینار بۆ هەر سەد دۆلارێک، نووسینەگەکە دەچێ بە ناوی خەڵکەوە ئەم پارەیە وەردەگرێت و دواتر هەر سەد دۆلارێک لە بازاڕدا بە 147 هەزار دینار دەفرۆشنەوە، واتە ئەم نووسینگەیە لە دوو رۆژدا دوو ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە و بەو دوو رۆژە زیاتر لە 20 هەزار دۆلار قازانجی کردووە.

فێڵەکە بەم شێوەیە دەکەن، کاتێک تۆ یەکجار لەو نووسینگەیە مامەڵە دەکەیت، کۆپییەکی پاسپۆرتەکەت وەردەگرن، یان بە هەر شێوەیەکی دیکە کۆپی پاسپۆرتەکەت پەیدا دەکەن، دواتر تیکتی فڕۆکەی ساختە و ژمارەی ناڕاست دەخەنە پاڵ پاسپۆرتەکەت و لە بانکی ناوەندی دەڵێن ئەم کەسە داوای پارەی کردووە بێ ئەوەی هیچ ئاگای لێبێت.

ئێستا دەستەی دەستپاکیی عێراق لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دەکات و دەستی هەندێ لەو نووسینگانەی ئاشکرا کردووە.