هەولێر.. 20 ملیار دینار بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەی ئاو تەرخانکرا

964+

فەرمان سادق

بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرفتی کەم ئاوی 20 ملیار دینار بۆ هەولێر تەرخانکرا و ژمارەیەک بیری نوێ لێدەدرێت و کارەبای بەردەوامیش بۆ بیرەکان دابیندەکرێت.

گرفتی کەم ئاوی لە وەرزی هاوین، یەکێکە لە گرفتە بەردەوامەکانی سەنتەری شاری هەولێر، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر بیری ئاو هەیە، بەڵام بەشێکی زۆریان یان ئاوەکەی کەمی کردووە یانیش وشکی کردووە، یان ئەوەتا بەهۆی نەبوونی کارەبای بەردەوام ناتوانن بەشی پێویستی ئاو بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن.

بۆ ئەم هاوینە، حکومەتی هەرێم 20 ملیار دیناری تەرخان کردووە بۆ چارەسەری کێشەی کەم ئاوی شاری هەولێر.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25.6.2023، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە بینای پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو سەبارەت بە پلانى پارێزگاى هەولێر بۆ دەربازبوون لە هاوینى ئەمساڵ و چارەسەرکردنى گرفت و کێشەکانى ئاوى ماڵان ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەسەر خێراترکردنى پڕۆسەى لێدانى بیرى ئاوى خواردنەوەى بەدیل و نوێ لە هەولێر و دەوروبەر، هەروەها نۆژەنکردنەوەى بیرەکان و دابینکردنى کارەباى بەردەوام لە رێگەى مۆلیدەى ئەهلى و کارەبایی نیشتمانى کردەوە و سەرۆکایەتى و بەڕێوەبەرایەتى گشتی شارەوانیەکانیشى راسپارد بۆ لەمەودوا چاودێرى شوێنەكانی شوشتنی ئۆتۆمبێل، حەوزەکان و شوێنەکانی فرۆشتنی ماسى، چێشتخانە و شوێنە گشتیەکانى تر بکەن و ریگە نەدرێت تەنیا بە ئاوی خواردنەوە و پاک كار بكەن ‌و ئاو بەفیڕۆ بڕوات.