ئیلۆن مەسک لەسەر دۆخی رووسیا هاتەدەنگ

964+

ئەحمەد عەبدوڵا

دوای هەڵگەڕانەوەی گروپی واگنەر لە پوتین، ئیلۆن مەسک لە تویتێکدا گاڵتە بە دۆخی ناوخۆی روسیا دەکات.

ئیلۆن مەسک، خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، وێنەیەکی دەستکاریکراوی دوو کەسی هاوشێوەی بڵاوکردووەتەوە کە یەکێکیان لە دواوە چەکی لەوەی تر راکێشاوە و لە وێنە دەستکاری کراوەکەدا ئاڵای روسیای لەسەر هەردوو کەس دانراوە.

ئیلۆن، بەوەندە نەوەستاوە و لەسەر وێنەکە نووسیویەتی “متمانە بە هیچ کەس مەکە، تەنانەت خۆشت”.

ئیلۆن مەسک، لەو تویتە بە تەنزەوە باسی دۆخی ناوخۆی روسیا دەکات و مەبەستی لێی هەڵگەڕانەوەی گروپی واگنەرە لە پوتین، گروپەکە لە باشترین و متمانە پێکراوترین شەڕکەرەکانی پوتین بوون و چەندین ئەرکی گرنگیان پێسپێردرابوو لەلایەن پوتینەوە لە ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئۆکراینا.

تویتەکەی ئیلۆن، لە 2 کاتژمێردا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس بینیویەتی و 30 هەزار جار ریتویت کراوە.

ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و خاوەنی کۆمپانیای ستارلینک و تویتەر، رۆژانە وێنە و بابەتی تەنز ئامێز دادەنێت و بە شێوەی تەنز بیروڕای خۆی لەسەر بابەتە جیهانییەکان دەردەبڕێت.

ئیلۆن مەسک لەسەر دۆخی رووسیا هاتەدەنگ

پێداچوونەوە: فەرمان سادق