رێژەی پیسیی هەوای هەولێر لە ئاستی مامناوەندە
964+
فەهمی نەبی
بە گوێرەی ئەو خوێندنەوەیە بێت کە ئەپڵیکەیشنی IQAir بۆ کەشوهەوای شارەکان دەیکات، بەراورد بە هەفتەیەک رێژەی پیسبوونی هەوای هەولێر ماوەی هەفتەیەکە لە ئاستی مامناوەندە.
ئەمڕۆ شەممە، رێژەی پیسبوونی هەوای هەولێر، 74 پلەیە و مامناوەندە، لە کاتێکدا لە رێژەی 51 بۆ 100 ئاستی مامناوەندە، بە گوێرەی ئەو رێژەیە دەبێت ئەوانەی نەخۆشی هەستیاریان هەیە ماسک بەکاربێنن و نابێت پەنجەرەی ماڵ و شوێنەکان کراوەبن.
ماوەی هەفتەیەکە ئاستی پیسبوونی هەوای هەولێر لە نێوان 70 بۆ 80 بووە، ئەمەش بەراورد بە مانگی رابردوو رێژەکەی بەرزبووەتەوە.
بە گوێرەی ئەپڵیکەیشنی IQAir، رادەی پیسی هەوا ئەگەر رێژەکەی لە نێوان ژمارە یەک بۆ 50 بوو گونجاوە، بەڵام لە ژمارە 51 بۆ 100 مامناوەندە، لە 101 بۆ 150 گونجاو نییە بۆ ئەوانەی هەستیاریان هەیە، بە تایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشی هەناسەتەنگیان هەیە، لە 151 بۆ 200 نا تەندروستە و گونجاو نییە بۆ ژیان.
پسپۆڕانی ژینگە هۆکاری پیسیی هەوای شارەکان بۆ زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێڵ و کارگە و مۆلیدەکان دەگەڕێننەوە، بە پێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بێت، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێڵ تۆمارکراون، جگە لە هەشت هەزار ماتۆڕسکیلی کۆمپانیاکانی خواردنی خێرا.
ئەمڕۆ شەممە لە ریزبەندی رێژەی پیسیی هەوای شارەکان لە عێراقدا، شاری بەغدا لە پلەی 17ی ئاستی جیهانە، بە جۆرێک رێژەی پیسی هەواکەی 76 واتا مامناوەندە.