سێ کورد بەشداری پاڵەوانێتی ئاسیا دەکەن


یادگار محەمەد – سلێمانی

هەڵبژاردەی هێزی لەشی عێراق بەشداری پاڵەوانێتی ئاسیا دەکات و سێ پاڵەوانی کوردیش لە ریزی هەڵبژاردەکەدا هەن.

رێنوار تۆفیق پاڵەوانی یاری هێزی لەش کە لە کێشی 120 کیلۆگرام لە ئاستی پێشکەوتووان و محەمەد جیهاد لە کێشی 120 کیلۆگرام لە ئاستی لاوان و زەکەریا زوهێر لە کێشی سەرو 120 کیلۆگرام بۆ ئاستی کلاسیک کە سێ پاڵەوانی کوردن، لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەی عێراق گەشتی وڵاتی هۆنگکۆنگ دەکەن بەمەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی ئاسیا.

سەباح ساڵح سەرۆکی ئەندامی فیدراسیۆنی هێزی لەشی عێراق تایبەت بە 964 ـی وت، لە دوا پاڵەوانێتی هێزی لەشی عێراق کە لە شاری بەغدا رکابەرییەکانی ئەنجامدرا، رێنوار تۆفیق لە کێشی خۆی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و محەمەد جیهاد و زەکەریا زوهێریش لە شاری کەرکوک توانیان بگەنە ریزی هەڵبژاردەی عێراق و هەر لەسەر ئەو ئەنجامانەش دیاریکران کە نوێنەرایەتی هەڵبژاردەکە بکەن لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوەدا.

وتیشی، لە ئێستادا پاڵەوانی کوردی ئاست بەرز هەیە لە یاری هێزی لەش، کە دەتوانن رکابەری لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییەکانی دەرەوەی عێراق بکەن، هەربۆیە چاوەڕێی ئەنجامی باش لەم پاڵەوانە کوردانە دەکرێت.

بڕیارە پاڵەوانێتی هێزی لەشی ئاسیا رکابەرییەکانی لە رۆژانی 23 تا 28 ـی ئەم مانگە لە ووڵاتی هۆنگ کۆنگ بەرێوەبچێت.