باشترینیان پلەی 199ی بەدەستهێناوە

زانکۆکانی عێراق لە ریزەکانی پێشەوەی ئاسیاش نین

964+

فەهمی نەبی

بەپێی ئەو ریزبەندیەی ماڵپەڕی خوێندنی باڵای تایمز بۆ ریزبەندی باشترین زانکۆی ساڵی 2023 بڵاویکردوەتەوە، هەشت زانکۆی عێراق لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا پلەی جیاوازیان بەدەستهێناوە.

رۆژی پێنجشەممە، ماڵپەڕی Times Higher Education ریزبەندی ناوی ئەو زانکۆیانەی بڵاوکردەوە کە لەسەر ئاستی جیهان متمانەی پێوەرە زانستیەکانیان بەدەستهێناوە.

لەسەر ئاستی ئاسیا 669 زانکۆ لە ریزبەندییەکەن لە 31 وڵات دیاریکراون.

ئەو هەشت زانکۆیانەی عێراق کە پلەیان وەرگرتووە، زانکۆی بابل لە پلەی 199 هاتووە، دواتر زانکۆی تەکنۆلۆژی لە پلەی نێوانی 251 تاوەکو 300ی ناوی هاتووە، زانکۆی ئەنبار لە پلەی 301 تاوەکو 350 هاتووە، دوای ئەوە هەریەکە لە زانکۆکانی بەغدا و موسڵ و موستەنسریە ناویان لە پلەی 501 تا 600 هاتووە، دواترینیشیان زانکۆی بەسرە و کوفەیە لە سەرووی پلەی 600 ناویان هاتووە.

ئەو پێوەرەی ماڵپەڕەکە دیاریکردووە بۆ دانانی زانکۆکان لە ریزبەندییەکان، %25 بۆ بابەتە پەروەردەییەکان و %30 بۆ توێژینەوەی زانستی و %30 پێوەری لێوەرگرتن، %7.5 وەک پێوەری روانینی نێودەوڵەتی و %7.5 وەک پێوەری گواستنەوەی زانیاری دیاریکراوە.