وێنەی کۆنسڵی Xbox one وێنە: گرافیکی 964
مایکرۆسۆفت چیتر یاری بۆ Xbox one دروست ناکات
+964
ئەحمەد عەبدوڵا
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بەرهەمهێنانی یاریی ڤیدیۆیی تازەی بۆ کۆنسڵی Xbox one راگرت.
مایکرۆسۆفت، کە خۆی دروستکەری کۆنسڵی Xbox oneـە، پەرەپێدەر و بەرهەمهێنەری چەندین یاریی تایبەتیشە، کە بەناوبانگترینیان زنجیرە یارییForza و یاری Haloـن، دوای ئەم بڕیارە گەیمەرانی کۆنسڵەکە بێبەش دەبن لە بەشە نوێیەکانی ئەو دوو یارییە و یارییەکانی تری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت.
تەنیا مایکرۆسۆفت ئەم بڕیارەی داوە، کۆمپانیاکانی دیکەی بەرهەمهێنانی یاریی ڤیدیۆیی بەردەوام دەبن لە دروستکردنی یاری بۆ کۆنسڵی Xbox one.
“دەمانەوێت گرنگی زیاتر بە نەوەی نوێی کۆنسڵەکانمان بدەین”
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت وتی، یارییە تازەکانمان بە گرافیکی بەرزتر و بەهێزتر بەرهەم دەهێنین و کۆنسڵی Xbox one بەرگەی ئەو تایبەتمەندییە بەرزانە ناگرێت.
کۆمپانیاکە وتیشی، گرنگی زیاتر بە هەردوو کۆنسڵی Xbox series S و Xbox series X دەدەین.
کۆنسڵی Xbox one لە ساڵی 2013 لە لایەن کۆمپانیای مایکرۆسۆفتەوە خرایە بازاڕەوە و تا ئێستا زیاتر لە 51 ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە، 964 دەزانێت کۆنسڵەکە لە هەرێمی کوردستان تا ئێستاش گەیمەرێکی زۆر یاریی پێدەکەن.