ئەو تەنە نامۆیەی بەجوتیارەکە تەقیەوە پاشماوەی بۆمبی هێشوویی بوو

فەهمی نەبی

دەزگای گشتی کاروباری مین رایگەیاند، ئەو جوتیارەی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەنێک پێیدا تەقیەوە، دوای لێکۆڵیەوە دەرکەوتووە، پاشماوەی بۆمبی هێشوویی بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هاوڵاتیەک لە قەزای پێنجوێن، ویستویەتی بە تراکتۆرەکەی دەرمان برژێنێ بە زەویە کشتوکاڵیەکەی، مین پێیدا تەقیوەتەوە و گیانی لەدەستداوە.

ئارام جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مین لە سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئەو بۆمبەی تەقیوەتەوە پاشماوەی پارچەی بۆمبی هێشووییە، پێکهاتەی بۆمبەکە بەجۆرێکە چەندین پارچەی هەیە، کاتێک بۆمبەکە دەهاوێژرێت چەندین پارچەی لێدەبێتەوە و هەر پارچەیەک بەشێوەی سەربەخۆ دەتەقێتەوە.

ئارام جەلال ئەوەشی وت، “لەهەمان شوێن پارچە بۆمبێکی دیکەی هەمان شێوە دۆزراوەتەوە، بڕیارە بەیانی تیمەکانمان کرداری تەقاندنەوەی بۆ ئەنجامبدەن”.

ئەو شۆفێرەی بۆمبەکەی پێیدا تەقیوەتەوە، ناوی (مەهدی تەڵال رۆستەمی)ـیە و تەمەنی 35 ساڵە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام دانیشتووی پێنجوێن بووە بۆ کارکردنی کشتوکاڵی هاتوەتە قەزاکە.

بەپێی زانیارییەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین، مەزەندە دەکرێت پاشماوەی بۆمبە هێشووییەکە هی سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێران بێت.

964 لەسەرەتاوە زانیاری لەسەر رووداوەکە بڵاوکردەوە.