دیسان نۆرەگرتن بۆ بەنزین دەستیپێکردەوە

964+

فەرمان سادق

بەهۆی گرانبوونەوەی نرخی بەنزین جارێکی دیکە نۆرەگرتن بۆ بەنزینی حکومی دەرگای بەنزیخانەکانی قەرەباڵغ کردووە.

لە هەولێر رۆژانە 22 تانکەر بەنزینی حکومی دابەشدەکرێت، بەجۆرێک لیستی ئەو بەنزینخانانەی بەنزین وەردەگرن 44 بەنزینخانەیە و دوو رۆژ بۆ سێ رۆژ جارێک نۆرەیان دێت.

ئەوە زانیاریی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی هەولێرە و لیتری بەنزینی حکومیش بە 750 دینار دەفرۆشرێت.

ئەندازیار سالار محەمەد، سەرپەرشتیاری دابەشکردنی بەنزینی حکومی بە 964ـی وت، دابەشکردنی بەنزینی حکومی هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، وەک جاران رۆژانە 22 تانکەر دابەشدەکرێت.

دەشڵێت: بەڵام لە بازاڕ بەنزین گرانبووە و خەڵک سەرە بۆ بەنزینی حکومی دەگرن.

لە ئێستادا نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە کۆ 840 بۆ 850 دینارە و لە بەنزینخانەکانیش بە 875 دینار بۆ سەرەوە دەفرۆشرێت، لە بەرامبەریشدا بەنزینە حکومەییەکە لیتری بە 750 دینار دابەشدەکرێت.

جەنگی شێخ مەجید، وتەبێژی ئەنجومەنی بەنزینفرۆشان بە 964ـی وت، لیتری بەنزینی نۆرماڵ لە بازاڕ بە 875 دینارە، هەر بەنزینێکی نۆرماڵ بە 825 و کەمتر بفرۆشرێت، ئەوا دەستکاری کوالێتییەکەی کردووە.

سەرباز حاجی کەریم، خاوەنی کۆمپانیای پۆڵا لە بازاڕی سووتەمەنی هەولێر بە 964ـی وت، ماوەی چوار رۆژ دەبێت نرخی بەنزینی نۆرماڵ 40 بۆ 50 دینار لە جوملە گران بووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رێگە بە هاتنەن ناوەوەی هیچ بەنزینێک بۆ ناو هەولێر نادرێت جگە لە بەنزینی پاڵاوگەی کار و لاناس.