دەزگای لوتکە: لە 18 مانگدا 31 کۆچبەری عێراقی گیانیان لەدەستداوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە ماوەی یەک ساڵ و شەش مانگدا، 31 هاوڵاتی عێراقی لە رێگای کۆچی نایاسایی گیانیان لەدەستداوە و 345 هەزار و 305 عێراقیش چاوەڕێی وەڵامن بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی.

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، ئەمڕۆ چوارشەممە بە 964ی راگەیاند، لە ماوەی یەک ساڵ و شەش مانگدا 31 هاوڵاتی عێراقی و چوار هەزار و 347 کەس لە جیهان، لە رێگای کۆچی نایاسایی گیانیان لەدەستداوە.

سەرۆکی دەزگای لوتکە رەتیکردەوە ئەو رووداوانەی  لە چەند رۆژی رابردوودا لە دەریای ئیجە و دەریای سپی روویانداوە، هیچ کۆچبەرێکی کورد و عێراقیان تێدا بوبێت.

ئاری جەلال  دەشڵێت، لە حەوت ساڵی رابردوودا 555 کۆچبەر لە رێگای کۆچی نایاسایی گیانیان لەدەستداوە، کە 319 کۆچبەریان تەرمەکانین گەڕێندراوەتەوە و 236 کۆچبەریش بێسەروشوێنن.

بە وتەی سەرۆکی دەزگای لوتکە، ریژەی پەنابەرانی عێراقی بە پلەی 12ـەمین دێت لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهاندا، کە کۆچ دەکەن.

لە ساڵی 2014 تاوەکو مانگی 6ی ئەمساڵ، 345،305 پەنابەری عێراقی لە وڵاتانی ئەوروپا و جیهان داوانامەی مافی پەنابەرییان پێشکەشکردووە، بەڵام تائێستا وەڵامی داوانامەکانیان نەدراوەتەوە.