قایمقامیەتی سلێمانی ئاگر لە ئەزمەر دووردەخاتەوە

فەهمی نەبی

لە چیای ئەزمەڕ کۆشکێکی چای فرۆشی بە هۆی ئەوەی پاشماوەی ئاگر و خەلوزی جێهێشتووە، داخرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە چیای ئەزمەڕ ئەو کوشکەیان داخستووە، کە چای فرۆشتووە و مەترسی هەبوونی ئاگر کەوتنەوەی هەبووە.

قایمقامییەت دەڵێت، ئەوان لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان لە رێگەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت ئەو کوشکەیان داخستووە.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانی، ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە رایگەیاند، لەمەوبەدوا ئاگرکردنەوە لە دارستانەکانی گۆیژە، ئەزمەڕ، هەڕوتە و دەباشان قەدەغەیە.

لە ساڵانی رابردوودا چەند جارێک ئاگر لە چیاکان کەوتووەتەوە، سێ ساڵ لەمەوبەر بە دیاریکراوی لە 4.9.2020 ئاگرێکی گەورە لە هەریەکە لە دارستانەکانی ئەزمەڕ و گۆیژە کەوتەوە بە هۆیەوە بەشێکی زۆری دارستانەکان سووتان.