لە راپەڕین بە هەڵە مۆڵەت به‌ سه‌نته‌ره‌كانى ددان دراوه‌ 

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

دوای ئەوەی دوێنێ پیسترین سه‌نته‌رى ددان له‌ رانیه‌ داخرا، سه‌ندیكاى پزیشكانى ددان كاردانه‌وه‌یان هه‌یه‌ و ده‌ڵێن، بەهیچ شێوەیەک مۆڵەتەکانیان بۆ درێژناکرێتەوە.

دوایین سه‌نته‌ره‌ى ددان لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای رانیە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین، بە ئەندامێتی سەندیکای پزیشکانی ددان لقی ڕاپەڕین یەکێک لە سەنتەرەکانی ددانی رانیە داخراوه‌.

پاڤەند سلێمان، نوێنەری لقی راپەڕینی سەندیکای پزیشکانی ددان بە 964ـی وت، هۆکاری هەبوونی ئەم جۆرە سەنتەرانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشتر لە ساڵی 2009 وە، سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بە هەڵە 20 بۆ 30 مۆڵەتی داوە بە سێ بەشی جیاواز کە پێکهاتوون لە بەشەکانی (پاراستنی ددان، پەرستاری ددان، تاقیگە) لە کاتێکدا دەرچوانی ئەم بەشانە بەهیچ شێوەیەک بۆیان نیە سەنتەریان هەبێت و کار بکەن.
روونیشیکردوە  “تەنها تاقیگەکان بۆی هەیە بە یەک مەرج خاوەنی کلینیک بێت، ئەویش خاوەنی کورسی بێ ئانیشک بێت”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، ئه‌وان پێشتر داوای داخستنی ئەو سەنتەرانەیان کردووە، بەڵام داوایان لێکردوون تا کۆتایی ئەمساڵ مۆڵەتیان پێبدرێت، ده‌شڵێت “بەڵام لە ساڵی داهاتووەوە بەهیچ شێوەیەک مۆڵەتەکانیان بۆ درێژناکرێتەوە و هەر سەنتەرێکی تریش لەو شێوەیە بوونی هەبێت دادەخرێت”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن