کامەران کەریم ئەو جوتیارەی دەشتی بیتوێن، کە بەرهەمی سۆیای چاندووە وێنە: 964+
جوتیارێک: بەرهەمی سۆیا یەک و 300 دەهێنێت
964+
فەهمی نەبی
جوتیارێک لەسەر رووبەری هەشت دۆنم زەوی بەرهەمی سۆیای چاندووە، دەڵێت بەو رێگایەی ئێمە دەیچێنین ساڵانە یەک و 300 بەرهەمی دەبێت.
سۆیا بەرهەمێكە رووەکییە، دەچێتە خانەی پاقلەمانییەکان، لەشێوە وەک لۆبیا دەردەکەوێت
کامەران کەریم، جوتیارێکی دەشتی بیتوێنە و چوار ساڵە خەریکی چاندنی سۆیایە، بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “سەرەتا بۆ تاقیکردنەوە چاندمان، تا بزانین بۆ خاکەکەمان گونجاوە، سەرکەوتوو بوو، دوای ئەوە ساڵانە تۆی سۆیامان داوەتە جوتیارانی هەولێر، دەڤەری بیتوێن و پشدەر و گەرمیان، دەرکەوت بۆ هەموو شوێنەکان گونجاوە”.
کامەران کەریم، لە گوندی گرجان کە سەربە ناحیەی چوارقوڕنەیە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ئەو کێڵگەیەی دروستکردووە.
لەبارەی بایەخی بەرهەمی سۆیا کامەران دەڵێت، ئەگەر خەڵک بزانێت سودەکانی سۆیا چەند زۆرن دەیخەنە ناو ژەمە خۆراکیەکانیان، جگە لەوە بۆ کێڵگەکانی پەلەوەر سودی زۆری هەیە، ساڵانە خاوەنی کێڵگەکانی پەلەوەر کێشەی گەورەیان هەیە لە دابینکردنی ئالیکی لەسۆیای هاڕاو کە هەر تۆنێکی لە دەرەوە بە هەشت سەد دۆلار دێت.
ئەگەر خەڵک بزانێت سودەکانی سۆیا چەند زۆرن دەیخەنە ناو ژەمە خۆراکیەکانیان
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبارەی تۆی سۆیا بەردەستن، لەرووی تەمەنی چاندنەوە دەکرێتە سێ جۆر، تۆی سێ مانگی، چوار مانگی و شەش مانگی، ئەو جوتیارە دەڵێت، دەبێت لە 21ی مانگی ئادار بۆ 1.4 بچێندرێت، هەرچی تۆی سێ مانگیە کاتێک لە مانگی سێ دەچێندرێت، دەتواندرێت لە مانگی شەش دوبارە بچێندرێتەوە.
رێژەی پڕۆتین بەپێی جۆرەکانی دەگۆڕێت، بەڵام لە هەندێک جۆری سۆیا رێژەی پڕۆتین لەنێوان 40 بۆ 48ــە، ئەمە بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەر بەرهەمی سۆیا هەیە
جوتیارەکەی دەشتی بیتوێن دەڵێت، ئەگەر بایەخ بەچاندنی سۆیا بدرێت داهاتی زۆری بۆ جوتیاران و حکومەت دەبێت، جگە لەوە بۆ بەرهەمی زەیت سودی زۆری هەیە، لەهەر کیلۆیەک زەیت 190 گرام زەیتی هەیە، “ئەگەر ساڵانە بەرهەمێکی زۆری سۆیا بچێنین پێویستمان بەوە نابێت زەیت لە دەرەوە هاوردە بکەین”.
بەپێی بەدواداچوونەکان، لە هەرێمی کوردستان، تەنیا دوو کارگەی دروستکردنی زەیتی سۆیا هەیە، یەکیان لەهەولێرە ئەوەی دیکەیان لەدەڤەری بیتوێنە