ئەو فەرمانگانەن کە سەر بە حکومەتی عێراقن
کێشەکانیان دەگەیەندرێتە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان
964+
پێشەوا محەمەد
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کێشەی ئەو فەرمانگانەی سەر بە وەزارەتەکانی حکومەتی ناوەندن گەیاندە نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەدواداچوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 20.6.2023، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەرۆکی لیژنەکانی ئەنجومەن لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری سلێمانی پەرلەمانتاری عێراق ئەنجامدرا.
یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە پرسی بینای ئەو فەرمانگە فیدڕاڵیانە بوو کە لە بیناکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دان، لەوانە فەرمانگەکانی کارتی نیشتیمانی، داواشیانکرد هەوڵبدەن لەسەر بینایان بۆ دروست بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا داوای ئەوەشیان لەو دوو پەرلەمانتارە کردووە کە هەوڵبدەن هەردوو بانقی رەشید و رافیدەین لە هەرێمی کوردستان نووسینگە بکەنەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش وەک هاوڵاتیانی عێراقی سوودمەند بن لە وەرگرتنی پێشینەکان.
ئەنوەر تاهیر، سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، داوایان کردووە موچەی شەهیدانی دەستی داعش و تیرۆر بخرێتە سەر بەغدا.
دەشڵێت: داوامان کردووە ئەو رێگایەش نۆژەن بکەنەوە کە بنکەی پاسەوانانی هەرێم تێکیان داوە و کێشەیان بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دروستکردووە.
یەکێکی تر لە داوەکانیان بە وتەی سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە لەگەڵ هەردوو پەرلەمانتار دارا سێکانیانی و بڕیار رەشید کۆببوونەوە، هەوڵبدرێت بەشە دەرمانی هەرێم زیاتر بکرێت.