رانیە: لەمەودوا چی تر دەنگی قورئان وگۆرانی نایەتە ناو سیمنارەکانەوە
964+
مەجید بتوێنی – رانیە
سیستمی دەنگی و گەرمی و ساردی هۆڵەکەی میرزا مەنگوری شاعیر چارەسەرکرا و نووسەران و رۆشنبیران و هونەرمەندانی دەڤەری راپەڕین حەسانەوە.
هۆڵی میرزا مەنگوڕی شاعیر، دەکەوێتە ناو کتێبخانەی گشتی رانیە و پێشتر گرفتی سیستمی دەنگ و رووناکی و ساردکەرە و گەرمکەرەوەی هەبوو، ئەمەش ببووە گرفت لەبەردەم نووسەران و رۆشنبیران و هونەرمەندانی دەڤەری راپەڕین.
لەماوەی ڕابردودا کاتێک نووسەرێک لە هۆڵی میرزا مەنگوڕی سیمینارێکی پێشکەشدەکرد، دەنگی قورئان و گۆرانی دەرەوەی هۆڵەکە تێکەڵی ناو مایکی هۆڵەکە دەبوو، بەڵام بە نۆژەنکردنەوەی ئیتر ئەو کێشانە چارەسەرکران.
سەباح محەمەد، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی رانیە بە 964ـی راگەیاند “لەسەر ئەرکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و بەبڕی شەش ملیۆن دینار، هۆڵی میرزا مەنگوڕی نۆژەنکرایەوە و سەرجەم گرفتەکانی چارەسەرکران، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ئاسان بەڕێوەچوونی چالاکیە هونەری و رۆشنبیرییەکانی رێخکراوەکان و نووسەرو رۆشنبیران.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق