پاسەوانی سنوور: پۆلیسمان کەمە بۆ پاراستنی ئەو سنوورە بەرفراوانە

+964

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بە وتەی بەرپرسێکی پاسەوانی سنوور لە تەوێڵە، ژمارەی پۆلیسی پاسەوانی سنوور کەمترە بەراورد بە درێژی سنووری نێوان ئێران و عێراق، و دەشڵێت، “بەشێک لەخەڵک وەک پێویست هاوکاریان نین و فەرمانگەکانیش بە عێراقییان دەزانن”.

لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، پۆلیسی پاسەوانی سنوور لە گوندی بانی بنۆک بۆ گوندی سازان، خاڵی سەربازی هەیە، بەپێی سۆراغێکی پەیامنێری +964 بەهۆی زۆربوونی دیاردەی قاچاخ، کاری نایاسایی، خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پۆلیسی پاسەوانی سنوور ژمارەی خاڵە سەربازییەکانی زیاتر کردووە بە جۆرێک خاڵی لاوەکی دانراون و ژمارەی هێزەکانیش زیاتر کراون.

رائید (س.م)، کە بەرپرسە لە پۆلیسی پاسەوانی سنوورو بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوەکەی، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری +964 پشتڕاستی سۆراغەکەی کردەوە و نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی خەڵک لە ناوچەکە وەک پێویست هاوکاریان نین و وتی، “زۆرجار بەشێک لە خەڵکی مەدەنی کەسانی نامۆ و هێز دەبینن بە پۆلیسی پاسەوانی سنوور یان ئاسایش و پۆلیسی خۆجێی ناڵێن، بۆیە پێویستمان بە هاوکاری خەڵکە”.

دەربارەی ناسنامەی ئەو هێزانە وتی، “تائێستا لەلایەن لایەنی ئێرانییەوە، هیچ جوڵەیەکی نامۆ نەبینراوە، بەڵام ئێمە کەمین و خاڵی سەربازیمان هەیە و بەردەوام چاودێری سەر سنوورەکانمان دەکەین، سوپای پاسداران لە خاکی خۆیانن و ناتوانن سنوور ببەزێنن، حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەماوەی رابردوو خۆیان دەرنەخستووە لە سنووری ئێمە، ئەوەی ئێستا هەیە کەسانی پیاو خراپن”.

سەیوان شەفیق، کە هاوڵاتییەکی دانیشتووی تەوێڵەیە بە +964ـی وت، “تائێستا هیچ جموجوڵێکی سەربازی لەم سنورەی ئێمە نەبووە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، چونکە سنورەکەمان لەبەرچاوە ئەگەر هەبێت یەکسەر هەستی پێ دەکەین”.

ئەو دانیشتووەی تەوێڵە، خۆشحاڵی خۆی بە پێکهێنانی هێزی پاسەوانی سنوور لە ناوچەکەیان ناشارێتەوەو داواشدەکات لە پێکهێنانی ئەو دوو لیوا هاوبەشەی بڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دایبمەزرێن بۆ پاراستنی سنورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەولەویەت بدرێت بە خەڵکی خۆجێی ناوچەکایان و دایان بمەزرێنن.

لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، لیوای سێی پاسەوانی سنوور بە چەند فەوجێک پاراستنی ئاسایشی سنوورەکەی لەئەستۆیە، ئەوان زیاتر رێگرن لە کاری بازرگانی تلیاک، بنەبڕکردنی قاچاخچێتی و ترانزێت، و دەستگیرکرنی کەسانی داواکراو و گومانلێکراو، ماوە ماوەش فەرماندە سەربازییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی سوپای پاسداران کۆدەبنەوە.

بەرپرسەکەی پاسەوانی سنوور ئاماژەی بەوەشدا، “هەرچەند بڵێن دامەزراندن کەسمان بۆ دانامەزرێنن، پێویستیشمانە و سنوورمان فراوانە و پۆلیسمان کەمە بۆیە باش ناتوانین کۆنترۆڵی سنورەکە بکەین”.

“ئێمە کێشەیەکی دیکەمان هەیە، کە زۆرێک لە لایەن و دام و دەزگاکان وا ئەژمارمان دەکەن کە ئێمە سەر بە حکومەتی عێراقین و بەوهۆیەشەوە زۆر مامەڵەمان لەگەڵدا ناکرێت، لەکاتێکدا زۆرینەمان لە پێشمەرگایەتییەوە هاتووینەتە نێو پاسەوانی سنورەوە و خاکی خۆمان دەپارێزین”، بەرپرسەکەی پاسەوانی سنوور وای وت.