قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان- وێنە: 964+
کێشەی ئاوی گەڕەکێکی دەربەندیخان چارەسەر دەکرێت
964+
فەرمان سادق
گەڕەکی دەرسیمی دەربەندیخان کێشەی ئاویان بۆ چارەسەر دەکرێت و تۆڕی ئاویان بۆ دادەنرێت.
گەڕەکی دەرسیم کە ناسراوە بە گەڕەکی 42ـەکان، یەکێکە لە گەڕەکە نوێیەکانی قەزای دەربەندیخان و تاوەکو ئێستا تۆڕی ئاوی خواردنەوەی ماڵانیان نییە.
نەبوونی تۆڕی ئاو، یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکانی دانیشتووانی ئەو گەڕەکە نوێیە، لە وەرزی هاوینیشدا بەهۆی خواست لەسەر زۆری بەکارهێنانی ئاو، گرفتەکانیان دووهێندە دەبێتەوە.
چەندجارێک تەندەری دروستکردنی تۆڕی ئاو لە رابردوودا لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دەرچووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نەبووە پڕۆژەکە وەربگرێت.
دانیشتووانی گەڕەکەکە دوای بێئومێد بوونیان داوایەکەیان دەگەیەننە جێگری سەرۆکوەزیران و پارە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە تەرخانکرا.
ئێستا بڕی 40 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی دانانی تۆڕی ئاو بۆ ئەو گەڕەکە تەرخانکراوە، ئەگەرچی بەگوێرەی تەندەرەوە 429 ملیۆن و 948 هەزار دیناری پێویستە.
قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: ئێستا کۆمپانیا ئامادەیە دەستبکات بە دروستکردنی تۆڕی ئاو بۆ گەڕەکی 42ـی قەزای دەربەندیخان، بەمەش کێشەی ئاوی ئەو گەڕەکە چارەسەر دەبێت.