دیمەنێک لە پاککردنەوەی شوێنی گۆشتفرۆشان لە سلێمانی. وێنە: قایمقامیەتی سلێمانی
لە سلێمانی.. بۆ رێگری لە پەتای تای خوێنبەربوون هەڵمەتێکی پاک کردنەوەی شار ئەنجامدرا
964+
فەرمان سادق
وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە پەتای تای خوێنبەربوون، لە سلێمانی هەڵمەتێک ئەنجامدرا بۆ پاک کردنەوەی دوکانی گۆشتفرۆشەکان و دەوروبەری کوشتارگەکان و کۆڵان و ناو بازاڕ.
هەڵمەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە 19.6.2023 لە سلێمانی ئەنجامدراوە و قایمقامیەتیش دەڵێت، ئامانج لێی رێگرییە لە تووشبوون و بڵاوبووەنەوەی تای خوێنبەربوون.
رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی لەبارەی هەڵمەتەکەوە باس لەوەدەکات کە هەڵمەتەکە لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و بۆ رێگریکردن لە تووشبوون و بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربوونە.
دەشڵێت: هەڵمەتێکی چڕی چاودێریکردنی دوکانەکانی گۆشتفرۆشتن دەکرێت و بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکانیش رێگری لە سەربڕینی ئاژەڵ لە کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و دەرەوەی کوشتارگەی سلێمانی دەکرێت، هەرکەس و شوێنێکیش پابەند نەبێت لەڕێگەی لێکۆڵەری دادگای یەکی سلێمانییەوە رووبەڕووی رێکارە یاسایی توند دەکرێتهوه.
ئەو هەڵمەتە لە کاتێکدایە تاوەکو ئامادەکردنی ئەو هەواڵە هیچ حاڵەتێکی مردن بە پەتای تای خوێنبەربوون لە سلێمانی تۆمار نەکراوە.
هەڵمەتەکە بە چاودێری قایمقامی سلێمانی ئەنجامدەدرێت کە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی تیمێك و دەرمانی (ڤێركۆن)ـی بۆ خاوێنکردنەوەی سەرجەم ئەو شوێنانەی کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵەوە دەکەن، لەگەڵ دوکانەکانی گۆشتفرۆشتن دابینکردوە.
ئەوەش هاتووە کە بەرگری شارستانی ئامێری پێویستی بۆ لیژنەکان دابینکردووە کە لە ئێواران دوای داخستنی دوکانەکان، شوێنەکانی پێ خاوێن (تعقیم) دهکرێت.
رێکان جەمال وتیشی “پەتای خوێنبەربون نەخۆشییەکی مەترسیدارە، هەموو هەوڵێک دەدەین رێگری بکەین لە تووشبوون و بڵاوبونەوەی مەترسییەکە لە شاری سلێمانی”.