وەزیری نەوتی عێراق 11 بلۆکی نوێی غازی سروشتی راگەیاند

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی نەوتی عێراق، بانگهێشتی کۆمپانیا بیانیەکان دەکات بۆ گەڕان و پەرەدان بە 11 بلۆکی نوێی بەرهەمهێنانی غاز لە دوو پارێزگای عێراق، ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵانە عێراق چوار ملیار دۆلار لە سووتاندنی غازە زیان دەکات.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لەچوارچێوەی راگەیاندنی خولی شەشەم بۆ گەڕان بەدوای غازی سروشتی، لەپەیامێکدا ئەوەی راگەیاند.

ئەو بلۆکانەی راگەیەنراون بۆ گەڕان بەدوای غازی سروشتی، هەشت بلۆکیان دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، یەکێکیان لە پارێزگای موسڵ و ئەوەی دیکەیان دەکەوێتە سنوری نێوان موسڵ و ئەنبار.

وەزیری نەوت داوا لە کۆمپانیاکانی بواری گەڕان دەکات داواکاریەکانیان بەشێوەیەکی فەرمی پێشکەش بکەن بۆ گەڕان بەدوای غازی سروشتی لەو 11 کێڵگەیە، ئەوەشی وتووە کە تەواوی کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکان دەکرێت.

هەفتەی پێشوو سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، “دەستمان بە وەبەرهێنان لە کەرتی بەرهەمهێنانی ئەو غازە کردووە کە دەسووتا و تێچووی ساڵانەی چوار ملیار دۆلار لەسەر عێراق دەکەوت”.

لەسەر ئاستی جیهاندا، عێراق لە پلەی 12ی ریزبەندی یەدەگی غازە، بە جۆرێک خاوەنی 132 ترلیۆن پێ شەش جایە، لە ریزبەندی وڵاتانی عەرەبیش لە پلەی چوارەمدایە دوای قەتەر، سعوودیە و ئیمارات.