کڕواتیا خۆشییەکانی ژاپۆنی وەستاند

+964

فەرمان سادق

دواجار ژاپۆنییەکان نەیانتوانی درێژە بە سەرکەوتنەکانیان بدەن بەسەر هەڵبژاردە ئەوروپییەکان، بە لیدانی یەکلایی کەرەوە بە کڕواتیا دۆڕا و ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.

کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە پێنجی کانونی یەکەم، لەسەر یاریگای جنوب، هەردوو هەڵبژاردەی کڕواتیاو ژاپۆن لە قۆناغی ١٦ـی جامی جهیانی قەتەڕ ٢٠٢٢، بەریەککەوتن.

ژاپۆنییەکان لە خولەکی ٤٣ـی گێمی یەکەمی یارییەکە لە رێگای دایزن مایدا، گۆڵی پێشکەوتنیان تۆمار کردو، گێمی یەکەمیان لە بەرژەوەندی خۆیان کۆتایی پێهێنا.

بەڵام کڕواتییەکان لە خولەکی ٥٥ـی یاریەکەو دەستپێکی گێمی دووەم، لە رێگای ئیڤان پیریسیچ گۆڵی یەکسان بوونیان تۆمارکردەوەو، یاریەکەش بەو ئەنجامە چووە کاتی زیادکراو.

لە هەردوو گێمی یارییەکەدا، ژاپۆنییەکان باش یاریان کرد، بەڵام نایانتوانی درێژە بە خۆشیییەکانیان بدەن کە بەرانبەر بە ئەڵمانیاو ئیسپانیا لە قۆناغی کۆمەڵەکان کردیان، تەنانەت کرواتییەکان بەهەمان تەکنیک و تاکتیکی ژاپۆنییەکان، بەسەر سامۆراییەکان سەرکەوتن و لە دەستپێکی گێمی دووەم گۆڵیان لەسەر تۆمار کردن، وەک ئەوەی ژاپۆنییەکان لە دەستپێکی گێمی دووەم بەرانبەر ئەڵمانیاو ئیسپانیا گۆڵی یەکسان و بردنەوەیان تۆمار کرد.

کاتی زیادکراوی یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات، هەردوو هەڵبژاردە بە ناچاری پەنایان بردەبەر لێدانی یەکلایی کەرەوە بۆ گەیشتن بە قۆناغی هەشت.

لە تیروپشکدا، یەکەم لێدانی سزا بەر ژاپۆنییەکان کەوت، بەڵام لە لێدانی یەکەم و دووەمدا نەیانتوانی گۆڵ تۆمار بکەن بە پێچەوانەی کرواتییەکان کە گۆڵیان کرد، لە لێدانی سێیەمدا ژاپۆنییەکان گۆڵیان کردو کڕواتییەکان گۆڵیان نەکرد، بەمەش هیوایەک بۆ ژاپۆنییەکان گەڕایەوە تا ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە.

هیوای ژاپۆنییەکان درێژەی نەکێشاو، مایا یوشیدا لێدانی سزای سێیەمی گۆڵ نەکردو، ماریۆ باسالیچ بە گۆڵ کردن کۆتایی بە یارییەکە هێناو هەڵبژاردەی کڕواتیای گەیاندە قۆناغی هەشت و، توانیان بە سێ گۆڵ بەرانبەر گۆڵێک یارییەکە ببەنەوە.

کڕواتیا، لە چاوەڕوانی ئەنجامی یاری نێوان هەڵبژاردەی بەڕازیل و کۆریای باشوور دایە کە بڕیارە کاتژمێر ١٠ـی ئەمشەو لەسەر یاریگای ٩٧٤، یاری بکەن.

براوەی نێوان بەڕازیل و کۆریای باشوور، لە قۆناغی هەشت بەریەک دەکەون.