ڤێتێرنەری سلێمانی ھۆشداری دەداتە ھاوڵاتیان

964+

دیلان محەمەد جەزا

ڤێتێرنەری سلێمانی ئاگاداری ھاوڵاتیان دەکاتەوە لە جەژنی قورباندا ئاژەڵەکانیان ببەنە سەربڕین خانە، لەبەر ئەوەی پزیشکانی ڤێتێرنەری لەوێ پشکنین دەکەن بۆ ئاژەڵەکان.

رێکارەکانی ھاوردەکردنی ئاژەڵ لە مەرزەکانەوە توند کراونەتەوە و پشکنینەکان زیادیان کردووە، کاری شتنەوەی ئاژەڵ دەکرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مشەخۆری دەرەکی.

مەیدانی ئاژەڵان تەنیا بۆ کڕینی ئاژەڵە، ھەندێک لە ھاوڵاتیان وا تێگەیشتوون ئاژەڵیان لەوێ کڕی دەبێت لەوێش سەری ببڕن، بە ھەموو شێوەیەک ئەو کارە رەت دەکەنەوە.

دکتۆر ئاری سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری سلێمانی بە 964 راگەیاند، ئەو جێگایانەشی لە کاتی جەژنی قورباندا دەبێتەوە مەیدانی ئاژەڵان، نابێت بەھیچ شێوەیەک ئاژەڵی تێدا سەرببڕێت.

ئەو کەسانەی کاری کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەکەن و ئەو کەسانەشی سەری دەبڕن، کەسانی یەکەمن کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوونیان ھەیە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق