پارەی خەیار و تەماتەیە

بازرگانێک ملیارێک و 400 ملیۆن دیناری فرۆشیارانی عەلوەی سلێمانی دەبات

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بازرگانێکی بە رەگەز عەرەب، کە دانیشتووی سلێمانی بووە بە قەرزی زیاتر لە یەک ملیار دینار بەرهەمی کڕیوە و هەناردەی خوارووی عێراقی کردووە، بەڵام ئێستا هیچ سۆراغێکی نییە.

بازرگانەکە ناوی (و.ب) و تەمەنی لەنێوان 45 بۆ 50 ساڵە، بە رەگەز عەرەبە و خەڵکی بەغدایە، بەڵام لە ساڵی 2013ـەوە، واتە 10 ساڵ لە سلێمانی نیشتەجێیە.

بەوتەی، ژمارەیەک لە فرۆشگەکانی عەلوەی سەوزە و میوەی هاوچەرخی سلێمانی، ئەم بازرگانە هەڵاتووە و باس لە ئیفلاسبوونیشی دەکرێ.

تۆڕی 964 لەناو عەلوەی سلێمانی سۆراغی ئەو گازندەیەی خاوەن فرۆشگەکانی کرد، بە وتەی ئەو خاوەن فرۆشگانەی قسەیان بۆ پەیامنێرمان کردووە بازرگانەکە لەهەندێک فرۆشگە 15رۆژ و لە هەندێکی دیکەیان یەک هەفتەیە دەنگی نییە.

کاری ئەو بازرگانە نێرەر بووە لەنێوان عەلوەی سلێمانی و ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق، بەرهەمەکانی (خەیار، تەماتە، پیاز، بیبەر، شوتی، سێو، پرتەقاڵ و قۆخ) و چەند بەرهەمێکی دیکە هەناردە کردووە، ژمارەی ئەوانەی بەرهەمیان بە قەرز پێداوە زیاتر لە 10 فرۆشگە دەبن.

(ز.م) یەکێکە لەو فرۆشیارانەی بە بەهای 23 ملیۆن دینار خەیار و تەماتەی و شوتی داوە بە بازرگانەکە، قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: زۆرترینی ئەو بەرهەمانەی کە بازرگانەکە هەناردەی کردووە بە قەرز خەیار بووە، کە قەرزی ئەمساڵ و ساڵی رابردووشی تێدایە.

بە وتەی ئەو فرۆشیارە، فرۆشگاکان لەنێوان 13 بۆ 122 ملیۆن دینار بەبڕی جیاواز بەرهەمیان بە قەرز بەو بازرگانە داوە و مەزندەش دەکات کۆی قەرزەکە زیاتر لە ملیارێک و 400 ملیۆن دینار بێت.

“پێشتر دوو رۆژ جارێک پارەی حەواڵە دەکرد، بەڵام ماوەیەک بوو بە بڕی کەم و جیاواز قەرزەکانی دەدایەوە و رۆژانەش لەناو عەلوە بوو، بەڵام ئێستا هەڵاتووە و هیچ بەڵێنێکی مسۆگەریش نییە بۆ گەڕانەوەی”. (ز.م) وایوت.

بەگوێرەی سۆراغەکان ساڵانە لەناو عەلوەی سلێمانی چوا بۆ پێنج جار ئەم هەڵاتنە روویداوە بە 200 ملیۆن دینار یان زیاتر قەرزکراوە لە فرۆشگەکان و خاوەن قەرز هەڵاتووە، بەڵام ئەوەی ئەمجارەی جیاوازتر کردووە قەبارەی ئەو قەرزە زۆرەیە کە کەوتۆتە ئەستۆی بازرگانە عەرەبەکە.

سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای کشتوکاڵی عەلوەی سلێمانی ئەوەی ئاشکراکرد، کە ئەوان لە هەڵاتنی بازرگانەکە ئاگادارکراونەتەوە.

دەشڵێت: رۆژی سێشەممە سەرژمێری و داتا بۆ سەرجەم فرۆشگەکان دەکەین تا بگەین بە ژمارەی راستی ئەو بڕە پارەیەی کەوتۆتە ئەستۆی بازرگانەکە.

بەوتەی سەروەر عەلی بێت، قەرزەکە لەنێوان یەک ملیار بۆ نزیکەی دوو ملیار دینار دەبێت کە لە فرۆشگاکانی ناو عەلوە بە قەرز بەرهەمی تێدا براوە بۆ ناوەراست و خوارووی عیراق، ئەوەشی وت، “ئەوان ئاسایشی عەربەتیان لە رووداوەکە ئاگادارکردۆتەوە”.