نمایشی مین لە سلێمانی بەڕێوەچوو
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
هۆڵێكی تایبەت بە نمایشی مین لە مۆزەخانەی سلێمانی كرایەوە كە لە سەرجەم ناوچە سنورییەكانی كوردستان كۆكراونەتەوە.
دڵشاد مەجید، بەڕێوەبەری ھونەری و ئەرشیف لە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەکە بە 964+ی راگەیاند، لە ساڵی ٢٠٠٥ بیریان لەوە کردووەتەوە، هۆڵێكی تایبەت بە نمایشی مین دروستبكەن، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ئاشنابن بە جۆرەكانی مین.
لەو نماییشەدا، ٤٠ جۆری مینی جیاواز لە سەرجەم سنورەكانی كوردستان بە هاوكاری دەزگای مین و رێكخراوە تایبەتەكانی بواری مین كۆکراونەتەوە.
دڵشاد مەجید باسی لەوە کرد، لە هۆڵەكەدا بە وردیی باس لەو وڵاتانە كراوە كە مینیان داوە بە حكومەتی بەعس و باسیش لەو وڵاتانە كراوە كە مین لە كوردستان پاكدەكەنەوە و ئاڵاكانیشیان هەڵواسراوە وەك رێزێك، بەڵام وڵات هەیە مینیشی بەخشیوە بە بەعس و بەشداریشی كردووە لە پاكکردنەوەی مین لە كوردستاندا.
ئەمنە سورەكە دەزگایەكی حكومەتی بەعس بوو، لە شاری سلێمانیدا بۆ سەرکوتکردن خەڵکی ئەو سنورە بەكاریدەهێنا، لە پاش راپەڕینی خەڵكی سلێمانی و لە ساڵی ١٩٩٦ بڕیاردرا بكرێت بە مۆزەخانە و لە ساڵی ١٩٩٩ باڵەخانەكە چۆڵکرا، دواتر کرا بە بەمۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سورەكە.