لە دێربی بادینان دهۆک و زاخۆ یەکسانبوون

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لە یاریەکی دۆستانەدا و لەسەر یاریگای زاخۆ، هەردوو یانەی زاخۆ و دهۆک بە گۆڵێک یەکسانبوون.

یارییەکە، یارییەکی دۆستانە بووە و هەردوو یانەش لە خولی نایابی عێراق یاری دەکەن کە ماوەیەکە بەهۆی وەستانی خولەکە یارییەکان وەستاون.

لەگەڵ دەستپێکی یارییەکەدا، یاریزان ئەحمەد سەبری لە خولەکی 7ـی یارییەکە گۆڵی پێشخستنی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و یانەی دهۆکی شۆک کرد.

یانەی دهۆک لە یارییەکانی ئەمدواییەی خولی نایابی عێراق ئەنجامەکانی باش نین و لە پلەی شەشەم کە رکابەرایەتی پلەکانی پێشەوەتری دەکرد، ئێستا دابەزیوە بۆ پلەی هەشتەم و یانەی هەولێر بە جیاوازی گۆڵ پێشی کەوتووە کە هەردوو یانەکەی کوردستان لە 32 یاریدا 45 خاڵیان هەیە و یانەی زاخۆش بە 36 خاڵ لە پلەی 15ـیەمینی خولەکە دایە.

گێمی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی زاخۆ کۆتایی هات، بەڵام دهۆکییەکان لە گێمی دووەمدا قەرەبووی دواکەتنەکەیان کردەوە و لە خولەکی 8ـی گێمی دووەم و 58ـی یارییەکە لە رێگەی یاریزان زیاد ئەحمەد، گۆڵی یەکسانی تۆمارکرد.

هەردوو یانە لە یارییەکەدا چەندان گۆڕانکارییان ئەنجامدا و دەرفەتیان بە چەندان یاریزان دا.

دڵشاد ئەحمەد، یاریدەدەری راهێنەری یانەی زاخۆ بە 964 وت، یارییەکە لەسەر داوای هەردوو یانە بوو، بۆ ئەوەی دەرفەت بە هەندێک یاریزان بدرێت کە ماوەیەکە لە یارییەکانی خولی نایابی عێراق کەمتر دەرفەتی یاری کردنیان هەبووە.

بەهۆی کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی عێراق لە ئیسپانیا یارییەکانی خولی نایابی عێراق وەستاوە.

پیداچوونەوە: فەرمان سادق