قایمقامیەتی سلێمانی - وێنە: socialmedia
بۆ رێگرتنە لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون
قایمقامیەتی سلێمانی چەند بڕیارێکی دەرکرد
964+
پێشەوا محەمەد
بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون قایمقامیەتی سلێمانی چەند بڕیارێکی دەرکرد، کە پەیوەندی بە سەربڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ و گۆشتەوە هەیە.
بە پێی بڕیارەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، لەمەودوا سەربرینی ئاژەڵ لە سەرجادە و مەیدانی ئاژەڵ و خانەکان و ماڵاندا قەدەغەیە، هەروەها سەربڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ بەیەکەوە رێگەپێنەدراوە.
بڕیاری ئەوەش دراوە، بە هەماهەنگی و هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، هەڵمەتی رشاندن و شۆردنەوەی مەیدانی ئاژەڵ بە دەرمانی قرکەری مێروو ئەنجام بدرێت.
قایمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15.6.2023 بڵاویکردووەتەوە، لیژنە هاوبەشەکان راسپێردراون بەردەوام بن لە سەر ئەرکی چاودێریکردن و رێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵ بە رێگەی نایاسایی.
بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای سلێمانی تۆمار نەکراوە.