وەرزی دروێنەی نۆکە

ئاکرێ.. 2985 دۆنم چاندراوە و چاوەڕوانی 597 تۆن نۆک دەکەن

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

هاوشانی دەیان بەرهەمی دیکەیان، نۆکەکەی ئاکرێش بەناوبانگە و جوتیارانی ناحیەی گردەسێن سەرقاڵی دروێنەی بەرهەمی ئەمساڵیانن.

دوای دروێنەی گەنم، ئێستا نۆرەی دروێنەی نۆکە لە سنووری قەزای ئاکرێ.

جوتیارانی سنووری ناحیەی گردەسێنی سەر بە قەزای ئاکرێ دەستیانکردووە بە دروێنەی بەرهەمی نۆک کە بۆ ئەمساڵ بەپێی ئامارەکان بێت دوو هەزارو 985 دۆنم زەوی چێندراوە بە نۆکی خۆماڵی، نۆکی مەراکشی و نۆکی سووری.

لە سنووری قەزای ناوەندی ئاکرێ و گوندەکانی 650 دۆنم، گردەسێن وەک گەورەترین ناحیە 1500 دۆنم، 550 دۆنم لە ناحیەی بجیل و 285 دۆنم لە ناحیەی دینارتە.

فازڵ مستەفا رەشید، بەڕێوبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە 964ـی وت، بەهۆی زۆری بیری ئیرتیوازی ئاو و ناوچە و زەویەکی بەخێر و بەپیت، ئێستا بەروبوومی خۆمالی و کشتوکالی لە گوندەکان سەر بە قەزانی ناوەندی ئاکرێ و ناحیەکانی بجیل، دینارتە و گردەسێن.

بەڕێوبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، مەزەندە دەکات بەرهەمی ئەمساڵی نۆک بگاتە 597 تۆن.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق