عەلوەی رۆژئاوای سلێمانی ئاوەدان نابێتەوە

964+

رێژوان مامە قالە-سلێمانی

عەلوەی ڕۆژئاوای سلێمانی، ماوەی یەک مانگ کرایەوەو دواتر داخرا بەهۆی نەبونی کڕیار، بۆیە بەشداربووانی پرۆژەکە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و دەڵێن زیانمان کردووە.

شەوکەت عومەر، ئەندامی لیژنەی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964+ وت؛  پێشتر ئەوان کاتێک لە عەلوە کۆنەکە بوون لە ئازادی بەڵێنی ئەوەیان پێدان کە لە هوانە عەلوەیەکی گەورەی پڕۆفیشناڵ و پێشکەوتوویان بۆ دروستبکرێت، لەبەر ئەوەی لە عەلوە کۆنەکە شوێنەکەیان بچوک بوو، بەڵام ئەو بەڵێنانەی پێیاندرابوو نیوەشیان بۆ نەکردوون، “بەڵێنیاندا تا ۲٥ ساڵی تر عەلوەی تر دروست نەکرێ، بەڵام بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکردو عەلوەی رۆژئاوایان کردەوە”.

شەوکەت عومەر، زیاتر دەدویت و دەڵێت؛ ئەوان زۆر هەوڵیاندا کە پڕۆژەی عەلوەی ڕۆژئاوا دروستنەکرێت، لەبەر ئەوە دەیانزانی پڕۆژەکە سەرکەوتوو نابێت و شاری سلێمانی جگە لەو عەلوەیە پێویستی بە عەلوەی تر نیە، بەڵام کردیان و ئەو کەسانەشی کڕیان پێشتر ئیشیان لە عەلوە نەکرد بوو، بۆیە بەشێکیان زەرەمەند بوون، کەسیش قەرەبوو نەکراوەتەوە.

+964 دەزانێت، ئەوانەی لە عەلوەی رۆژئاوا دوکانیان کڕیوە، زیاتر کەسانی دکتۆرو ئەندازیارن، هیچ پێشینەیەکی کاریان لە عەلوە نەبووە بۆیە زەریان کردووەو، ئێستاش کۆمپانیایەکە قەرەبوویان ناکاتەوە.

سالح ئەحمەد، خاوەن دوکانێکی عەلوەی رۆژئاوای سلێمانییەو بۆ 964+ قسەی کردووەو دەڵێ؛ چەند هۆکارێک هەیە وایکردووە عەلوەکە شکست بهێنێت، لەوانە دووری لەناو شار، کە ئەوەش وایکردووە بەقاڵەکان نەتوانن ئەو رێگا دوورە ببڕن و بەنزینێکی زۆر سەرف دەکەن.

بازاڕی عەلوەی رۆژئاوای سلێمانی، لە مانگی ئاداری ئەمساڵ لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە، رووبەرەکەی ۱۱٦ دۆنمە، ۲٠٥ نوسینگەو ۱٠۹ دوکان لەخۆ دەگرێت، جگە لەوانەش پڕۆژەکە مزگەوت، ئوتێل، رێستورانت و یاریگای هەیە.

حاجی کازم ئیبراهیم، یەکێکی ترە لە كڕیارانی دوکانەکانی عەلوەی رۆژئاواو دەڵێت؛ ئەو بەشێکی کڕیوە لە عەلوەکە بە ۲٠ دەفتەر دۆلارو دەڵێت؛ هەر کەرتێک نرخەکەی لەنێوان ١٢ بۆ ٣٠ دەفتەر دۆلارە، هەر دوکانێکیش نرخەکەی سێ بۆ پێنج دەفتەر دۆلارە.

حاجی کازم ئیبراهیم وتیشی “لەلایەن کۆمپانیاکەوە هەڵخەڵەتێنراوین، پێیان وتین لە ناو پڕۆژەکە بیری ئاو هەیە، بەڵام نەبوو، ناچار ئاومان بە تانکەر دەکڕی، ئەمەش کێشەیەکی گەورە بوو، جگە لەمەش دوکانەکان ژمارەیان زۆر بووە، نزیکەی ۳٥٠ دوکان بوو، پێشتر بە ئێمە نەوتراوە بوو ژمارەی دوکانەکان ئەوەندە زۆرن کە ئەمەش وایکردووە بازاڕیان کەم بێت”.

حاجی کازم ئیبراهیم، داوا لە حکومەت دەکات شتێکیان بۆ بکات، دەڵێت؛ دەمانەوێت بە یاسایی کێشەکە چارەسەر بکرێت، ئەگەرنا خۆپیشاندان دەکەین و رێگەی تاسڵوجە دەگرین، چونکە کۆمپانیایەکە دەستی حزبی لە پشتەو هیچ حیابێکمان بۆ ناکات.