دوو هێلیکۆپتەری ئەمریکا و سەربازێکی ئەو وڵاتە لەکاتی ئەرکدا لە سوریا. فۆتۆ: رۆیتەرز
لە رۆژئاوای کوردستان
هێلیکۆپتەرێکی ئەمریکی تێکشکا و 22 سەرباز برینداربوون
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا کەوتنەخوارەوەی ھێلیکۆپتەرێکی ھێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و دەڵێت، بەو هۆیەوە 22 سەربازی ئەمریکی برینداربوون.
لە پۆستێکی تویتەردا، ئەمڕۆ سێشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا دەڵێت، لەئێستادا لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری رووداوەکە دەکەن و ھیچ ئاماژەیەکیش نییە کە ھێلیکۆپتەرەکە رووبەڕووی ھێرشی دوژمنکارانە بووبێتەوە.
دەشڵێت، هێلیکۆپتەرەکە رۆژی شەممە کەوتووەتەخوارەوە و برینی 10 سەربازیان سەختە و خراونەتە بەشی چاودێری چڕ.
ئەمریکا نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا هەیە و واشنتن دەڵێت، ئەمە لە چوارچێوەی ئەرکێکدایە بۆ لەنێوبردنی پاشماوەکانی داعش.
لە مانگی ئازاریشدا، 25 سەرباز و راوێژکاری ئەمریکی لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش برینداربوون و راوێژکارێکی ئەو وڵاتەش کوژراوە.