شاندێکی باڵایان دێنە کوردستان
ئەمریکا وەبەرهێنان لە کشتوکاڵی کوردستان دەکات
964+
فەرمان سادق
بە مەبەستی وەبەرهێنان لە سێکتەری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان شاندێکی باڵای ژووری بازرگانی ئەمریکا سەردانی کوردستان دەکات.
شاندەکە بە سەرۆکایەتی ستیڤ لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکا دەبێت، لەگەڵیدا 10 کۆمپانیای تایبەتمەند بە وەبەرهێنان لە سێکتەری کشتوکاڵی هاوسەفەری دەبن.
شاندەکە بڕیارە لە 18ـی ئەم مانگە بگەنە کوردستان و بۆ ماوەی سێ رۆژ بمێننەوە و دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، لەوانە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ.
شاندەکە لە هەولێر چەندان دانیشتنیان دەبێت لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی کوردستان و گەورە بازرگانانی کوردستان.
بەرپرسێکی باڵای کونسڵخانەی ئەمریکا لەسەر سەردانی شاندەکە بە 964ـی وت، شاندەکە پەیامێکی سیاسی گرنگی بۆ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق دەنێرێت سەبارەت بە پابەندی ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق و کوردستان.
ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا – عێراق کە بەشێکە لە ژووری بازرگانی ئەمریکی بە هاوکاری ژووری بازرگانی ئەمریکی – کوردستانی سەردانەکەی رێکخستووە.
شاندەکە سەردانی شاری سلێمانیش دەکات و لە هەمان هەفتەشدا دوو نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا سەردانی کوردستان دەکەن.
سەرچاوە باڵاکەی کونسڵخانەی ئەمریکا ئەوەشی بە 964 وت، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوان بووە بۆ ئەو شاندە و کۆمەڵێک پانێڵیان دەبێت و لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی شارەکانی کوردستان کۆدەبنەوە.
لە ئێستادا 180 کۆمپانیای ئەمریکی لە کوردستان وەبەرهێنان دەکەن و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان کوردستان و ئەمریکا بە ملیاران دۆلار دەخەملێندرێت کە بەشی زۆری لە بواری وزە و نەوت و گاز دایە، بەڵام بە دیاریکراوی لە سێکتەرەکانی تر داتای دروست لەبەردەست نییە کە چەندە.
کۆمپانیای تپسیکۆ، یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری کشتوکاڵی ئەمریکی کە لە کوردستان هاوئاهەنگی هەیە لەگەڵ کۆمپانیای گرین عێراق، لە سلێمانی دوو کۆمپانیایان هەیە یەکێک لەوان چیبس بەرهەمدەهێنێت و ئەوەی تریان کاری دروستکردنی قوتووە بۆ کۆمپانیاکانی خواردەنەوە گازی و ئاوییەکان.
سەرچاوەکەی کونسڵخانەی ئەمریکا دەشڵێت: دەمانەوێت لە داهاتوودا وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی تریش زیاتر بکەین، ئەگەرچی لەوە تێدەگەین کە چەند ئالنگارییەک هەیە لەبەردەم کاری وەبەرهێنان لە کوردستان، لەوانە بوونی گەندەڵی و نا شەفافیەت.
زیاتر وتیشی “لە رابردوودا هەندێک کۆمپانیای ئەمریکی لە کوردستان پارەیان خوراوە و تا ئێستا وەریان نەگرتووەتەوە”.
لە بارەی ئەوەی ژینگەی وەبەرهێنان لە کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن، ئاماژەی بە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد لەبارەی ژینگەی کاری وەبەرهێنان لە وڵاتان، باسی لەوەشکرد کە لە بەشی عێراق باسی ژینگەی وەبەرهێنان لە کوردستانیش کراوە.
وتیشی “یاسای وەبەرهێنانی کوردستان لایەنی باش و خراپی هەیە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند هەنگاوێکی ناوە بۆ باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان”.
ئەو بەرسە باڵایەی کونسڵخانەی ئەمریکا ئاشکراشیکرد کە بەشێک لەو کۆمپانیایانە یەکەمجارە سەردانی کوردستان دەکەن کە هەر هەموویان وەبەرهێنان لەبواری کشتوکاڵ و لە قوتوونان ئەنجامدەدەن، ئەوان دێن هەڵسەنگاندن بۆ ژینەگەی وەبەرهێنانی کوردستان دەکەن، بۆیە “باشترین شت ئەوەیە گوێت لێبێت لە ژینگەی کوردستان لەبارە بۆ وەبەرهێنانی ئەمریکی”.