دار و درەختی زیاتر لە 24 شەقام و باخچەی هەولێر جوان کران

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

دار و درەختەکانی زیاتر لە 24 شەقام، پارک و باخچە لە شوێنە گشتییەکانی هەولێر رێکخرانەوە و کاری بڕینیان بۆ کرا.

هەفتەیەکە شارەوانیی هەولێر ئەم هەڵمەتەی دەستپێکردووە و تا ئێستا دار و درەختی هەر یەک لە شەقامی 30 مەتری، شەقامی سوڵتان مزەفەر، شەقامی سەرەکی شۆڕش، رێگای کەرکوک و زیاتر لە 20 پارک و باخچەی گەڕەکەکانی شار، رێکخراون.

لە رێگەی بڕینی لق و پۆپی زیادە و دووبارە گۆڕینی شکڵ و شێوەی درەختەکان، هەروەها بڕینی فریزی باخچەکان، ئەم جوانکارییە بۆ سەوزاییەکانی هەولێر ئەنجامدراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، “بایەخی زیاتر دەدرێت بە ژینگەی سروشت و زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر”.

لە سەرەتای ساڵەوە تا مانگی پێنجی 2023، لە زیاتر لە 77 هەزار گوڵ و دار لە سەنتەری شاری هەولێر چێندراون و رۆژانەش 240 ئامێر و مەكینەی جۆراوجۆر كاری بڕینەوە و خزمەتكردنی ناوچە سەوزاییەكان دەكەن.

لە هەولێر، 194 باخچە، 22 پاركی گەورە، 22 پشتێنەی سەوزایی، 84 دوورگەناوەندی و 177 دارستان و چەند نەمامگەیەكی شارەوانی و 116 نافوورە هەیە و بەردەوامیش كار لەسەر زیادكردنی رێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر دەكرێت.