رزیوە و شکاوە

داوای 90 ملیۆن دینار بۆ پردی قەرەگۆل کرا

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

سایدی هاتنی پردی قەرەگۆل پلێتەکانی رزیون ودرزیان بردووە و لێبوونەتەوە، ئەم دۆخە مەترسی لەسەر شۆفێر و سەرنشینان دروستکردووە.

پردی قەرەگۆل، سنووری ناحیەی زەڕایەن لە عەربەت و سلێمانی جیادەکاتەوە، گوندەکە لە رووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی زەڕایەنە لە دوو پردی هەڵواسراو پێکهاتووە، کە یەکیان کۆنکرێتە و ئەوی دیکەیان ئاسن.

پردە ئاسنەکە ماوەی 40 ساڵە دروستکراوە، سایدی هاتن بۆ پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە، کە ناوچەکانی شارەزوور، دەربەندیخان و گەرمیان و شارەکانی خوارووی عیراق دەگرێتەوە بە دەروازەی پەروێزخانیشەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12.6.2023 ئاوارە حەمەشەریف بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن بە 964ی وت، “دەرخستەمان بۆ پردەکە کردووە و دوو بژاردەمان خستووەتە بەردەم وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، یان نۆژەنکردنەوە یان هەڵگرتنی پردەکە”.

وتیشی، “بۆ نۆژەنکردنەوە داوای 90 ملیۆن دینارمان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کردووە” بەوتەی ئەو، رێگەکە مەترسی هەیە هەرچییان کردووە هەوڵدەدەن بە زووترین کات نۆژەنکردنەوەی بۆ بکەن، ئەگەر رەزامەندیی لەسەر لابردنی پردەکە نەدرا.

پردی قەرەگۆل بە درێژای 30 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری سلێمانی، رێگا و هاتوچۆی دەیان رێبوار و گەشتیار و هاوڵاتییانە، کە رێگاکە بەکاردەهێنن، جگە لە بارهەڵگرە زۆر و بەردەوامەکان.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا